گۆڵدن ئارت گروپ دیداری (سینەما لە نیگای ئافرەتان) ساز دەکات
لەم دیدارە سینەماییەدا ١٣ فیلم بەشداری دەکەن بەم شێوەیە ٨ فیلمی کوردی و ٢ فیلمی عێراقی و یەک فیلمی مەغریبی و ٢ فیلمی بیانی بەشدارن تێیدا و سەرجەم فیلمەکانیش لە دەرهێنانی ئافرەتانن.
سەرچاوەیەک لە دیدارەکە رایگەیاند کە فیلمەکان لە دوو کاتی جیاوازدا نمایش دەکرێن یەکەمیان ١١ تا ١ی پاش نیوەڕۆ و دووەمیان لە کاتژمێر ٤ تا ٧ی ئێوارە و ئافرەتی سەرکەوتوولە بواری سینەما و راگەیاندن و رۆشنبیری خەڵات دەکرێن، هەر بەم بۆنەیەوە ژمارەیەک خانمە ئەکتەر و سینەماکار بانگهێشت دەکرێن لەوانە ئینعام عەبدولمەجید لە بەغدا کە دەرهێنەری فیلمی (شروق)ە و و لە سویدەوە گەڕاوەتەوە و ژمارەیەکی دیکەش لە شاری سلێمانییەوە دێن لەوانە سنوور ئالانی، دەوەن نەوزاد، نیگار عوسمان، رۆژین شەریفی، سۆلین جیهاد دڵپاک، و ژمارەیەکی دیکە.
سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند کە دیدارەکە یەک رۆژ بەردەوام دەبێت بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و بەشدارییەکی فراوانی رێکخراوەکانی ئافرەتان و خانمان و لە دیدارەکەدا چەندین دیدار ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە بابەتی فیلمەکانیش وتی: فیلمەکان بابەتی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە نیگای ئافرەتان بۆ ژیان و دیاردەکانی نێو کۆمەڵگا، هەر لەم دیدارەدا خانمە سینەماکار لەیلا مەجیدی بە یەکەم ئەزموونی خۆی لە بواری دەرهێنان بەشداری دەکات بە فیلمی (بالیت).