دلبەر جزیری خەریكە لە هونەری كوردی بێ ئومێد دەبێ
دلبەر لە خانەوادەیەكی هونەردۆست پەروەردە بووە و وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات حەز دەكات شتێكی نوێ بخاتە نێو هونەری كوردییەوە، بێ ئەوەی كەلتووری رەسەنی كوردی لە بیر بكرێ یان فەرامۆش بكرێ، بەڵكو حەزدەكات كە گۆرانییەكانی تەنیا بۆ گەنجان نەبن، بەڵكو كەسانی بە تەمەنیش گوێی لێبگرن و ئەو گۆرانییانەی لە سەرەتای كاروانی هونەری خۆیدا دلبەر جزیری پێشكەشی كردن و بەو ستایلە تایبەتەی كە تێكەڵێكە لە نێوان هونەری رەسەنی كوردی و هونەر و گۆرانی مۆدێرندا، گەواهیدەری ئەو راستییە بوون كە ئەم كچە كوردە وزەیەكی هونەری لە ناخیدا هەیە، دلبەر چەند جارێك سەردانی كوردستانی كردووە بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات كە لە دوایین سەردانیدا بۆ كوردستان تووشی نائومێدییەك بووە لە پاشەڕۆژی هونەری كوردی و ئەو هیوا و ئاواتانەی لەو بوارەدا هەیبوون خەریكە سیس دەبن و دەپوكێنەوە، چونكە ئەوەی خۆی چاوەڕوانی دەكرد ئاوا دەرنەچوو، لەم بارەیەوە لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان دلبەر وتی: من ماوەیەكی زۆرە بە ئاواتەوە خەریكی كارێكی هونەری نوێم بە ناوی (خائین) بۆ ئەوەی خزمەتێك بە گۆرانی و موزیكی كوردی بكەم و وەك دیارییەك پێشكەش بە هەوادارانی دەنگی خۆم و جەماوەرەكەم بكەم و زۆریش خۆم ماندوو كرد، بەڵام هەر كارێكی هونەری پێویستی بە هاوكاری و سپۆنسەر هەیە، چونكە هونەرمەند ناتوانێت هەموو كارەكانی لەسەر حیسابی خۆی ئەنجام بدات، بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەكو كوردستان كە لە بری كاری هونەری هونەرمەند هیچ خەرجییەكی بۆ ناگەڕێتەوە و ناتوانێت لە رێگەی هونەرەكەیەوە بژێوی ژیانی پەیدا بكات، هونەرمەندان زیاتر وەك حەزێك كارەكانیان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت لە كاروانی هونەری دانەبڕێن و بوونیان لەو بوارەوە هەبێت.
دلبەر بە نائومێدییەوە باس لەو كارەی خۆی دەكات و دەڵێت: دوای تەواو بوونی كارەكانی بەرهەمی (خائین) حەزم كرد وەك كلیپ پێشكەشی بكەم بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاریم لە زۆر كەس كرد، بەڵام كەس ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەك یارمەتیم بدات و كاتێك پرسیارم دەكرد بارودۆخی كوردستان و بەتایبەتی شەڕی نەگریسی داعشیان بە بیانوو دەهێنایەوە بۆ هاریكاریی نەكردنم، ئەمە زۆر ئاساییە و منیش وەكو هەر كوردێك زۆر بە باشی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كوردستان لەبەرچاو دەگرم و دەرك بەوە دەكەم كە بارودۆخەكە سەختە، بەڵام لە هەمان كاتدا مافی خۆمە بپرسم بۆچی لەو كاتە سەخت و دژوارەدا هونەرمەندانی دیكە هەن هاریكارییەكی زۆر زیاتر لەوە كە بەرهەمەكەم پێویستی پێی هەیە كراون كەچی بۆ ئێمە هاریكاری نییە.
لە بارەی ئەو ئاستەنگانەی دێنەپێش هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا دلبەر دەڵێ: من ناتوانم بەرهەمێك بڵاو بكەمەوە و باوەڕ ناكەم هیچ هونەرمەندێكی دیكەش بتوانێت ئەمە كارە بكات ئەگەر بیەوێت ئەلبوومێك بڵاوبكاتەوە، من كار دەكەم پەیدا كردنی بژێوی ژیانیش لە ئەوروپا ئاسان نییە، بۆیە ئەگەر بمەوێ ئەلبوومێك بڵاو بكەمەوە پێویستە چەند ساڵێك كار بكەم و خۆم ماندوو بكەم تا بتوانم كارێكی جوان پێشكەش بە جەماوەر بكەم.
دلبەر جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە بە یەكسانی لە هونەرمەندان بڕوانرێت و خەبات و خزمەتی هونەرمەندان لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی هونەرمەندانیش بتوانن داهێنان بكەن و كاری خۆیان پێش بخەن و لەم بارەیەوە دەڵێت: من زیاتر دەتوانم لەو باڕەوە باسی خۆم بكەم، سەرەڕای سەختیی ژیان لە ئەڵمانیا، بەڵام ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە من لە بواری هونەر و موزیك خزمەت بە میللەتی خۆم دەكەم و بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەم و هەموو خەرجییەكانیش خۆم دەیكەم و لەسەرحیسابی ماندوو بوون و شەونخوونی خۆم بووە، تەنانەت نەمتوانی خوێندنی زانكۆش تەواو بكەم ئەمەش تا راددەیەك پەیوەندیی بە كاری هونەریی منەوە هەبووە، كەچی نەك لەو بارودۆخەی ئێستا، بەڵكو بەر لە دەستپێكردنی شەڕی داعش و لەو كاتەی كوردستان لە دۆخێكی زۆر خۆشدا بوو و هونەرمەندان هاریكاریی دەكران، كەسێك هاریكاریی ئێمەی نەكرد، بەڵام لەم بارودۆخە سەختەی ئێستاشدا كەسانێك هەن یارمەتی دەدرێن، من نازانم ئەم جیاوازە بۆ هەیە و لەسەر چ بنەمایەكە؟ كەسانێك تەنیا بە هونەر دەژین و یارمەتی دەدرێن و كەسانی وەكو ئێمەش پشتگوێ دەخرێن، ئەمە نادادپەروەرییە و لە كۆتاییدا زیان بە هونەری كوردی دەگەیەنێت.
دلبەر ئاماژە بەوە دەكات جگە لە زمانی كوردی ئەو دەتوانێت بە زمانی دیكەش گۆرانی بڵێ، بەڵام لەبەر خۆشەویستیی بۆ میللەتەكەی حەزی كردووە تەنیا خزمەت بە هونەر و زمان و كەلتووری كوردی بكات و لەم بارەیەوە دەڵێت: من جگە لە زمانی كوردی دەتوانم بە زمانی دیكەش گۆرانی بڵێم بۆ نموونە زمانی ئەڵمانی و ئەگەر بە زمانی بیانی گۆرانیم گوتبا بێگومان زیاتر دەناسرام، هەروەها ئەو كات تەنیا كاری هونەریم دەكرد، چونكە هونەرمەندانی ئەڵمانی و بیانی تەنیا كار و پیشەیان گۆرانیی وتنە و سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە، بەپێچەوانەی هونەرمەندی كورد ناچارە كارێكی دیكەشی هەبێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی پەیدا بكات جگە لەوەی كە بتوانێت كاری هونەری ئەنجام بدات، بەڵام ئاواتی من تەنیا خزمەت كردنە بە هونەری كوردی بۆیە بە زمانی دیكە گۆرانیم نەوت و پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە راستە من لە ئەوروپا لە دایكبووم، بەڵام دایك و باوكم بەشێوەیەك پەروەردەیان كردووم كە كەلتووری خۆم ون نەكەم و بەر لەوەی فێرە زمانی ئەڵمانی بم ئێمەیان فێرە زمانی كوردی كردووە.