چاوشاركانێ. چاوشلكانێ

چاوشاركانێ. چاوشلكانێ
رەوەند بەختیار
جیهانی منداڵی پڕیەتی لە جوانی و سادەیی و وێنەو یادگاری رەنگین و پر تام وچێژ ئەو بەرائەت و پاكییەی لەو جیهانەدا هەیە لە دنیای هەرزەكاری و گەورەییدا نابینرێت، بەشێكی دنیای منداڵان یاری و خۆ خەریكردن بووە، جاران لە شێوەی ئێستا شاری یاری یان یاریی جۆر بەجۆری ئەلیكترۆنی و دەستی نەبوون، بەڵكو یاریەكان سادەو فۆلكلۆری بوونە، یەكێك لەو یاریانە كە رەنگە زۆرانێكمان ئەنجاممان دابێت، یاری چاوشلكانێ بوو، چاوشلكانی بە كۆبوونەوەی چەند منداڵێك ئەنجامدەدرا هەڵبژاردنیان دەكرد، بۆ ئەوەی یەكێك دەربچێت تاوەكو چاوی خۆی بنوقێنێت تا ژمارەیەكی دیاریكراو بۆ نموونە تا ژمارە سەدی دەژمار لەو ماوەیە منداڵەكانی دیكەش، خەریكی خۆ حەشاردان و خۆ ون كردن بوون و هەر یەكەیان دەیویست باشترین شوێن بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەیدۆزنەوە، ئەوەی یەكەم كەس ئاشكرا ببووایە ئەوە دەبوو چاوی خۆی بنوقێنێت و بەدوای ئەوانی دیكەدا بگەڕێت، ئەوەی چاوی دەنوقاند و پاشان ژماردنەكە تەواو دەبوو ئەوە دەستی دەكرد بە گەڕان بەدوای ئەوانی دیكە، كە یەكێكی بدۆزیبایەوە، پێی دەگوت (قیف)، ئەو كاتە نەمان دەزانی قیف مانای چییە دەمان گووت فڵانەكەس قیف كرا ئێستا تێدەگەین واتا وەستێنرا..
Top