كاوێس ئاغا بناسە!

كاوێس ئاغا بناسە!
لەناو كوردا چەندەها كەڵە پیاوی بەتوانا و دەنگ خۆش لەبواری گۆرانی و مەقام و حەیران و لاوك هەن و لەپێشوودا دەركەوتوون، هەر یەكە بەدەنگە زوڵالەكانیانەوە، چەندین بەرهەم و كاریان بەرهەم هێناوە، یەكێك لەوانە كاوێس ئاغای لاوكبێژە، ناوی تەواوی (كاوێسی كوڕی ئەحمەدی كوڕی جەمیلی كانەبی هەركی)یە، لەساڵی (1889) لەناوچەی چوار چەلی لەدایك بووە، هەر لەو شوێنە گەورە بووە و ژیاوە، سەرەتای ژیانی منداڵی بەگەشت و ڕۆیشتن بووە نێوان ناوچەكانی زۆزان و گەرمیان، بۆیە كاویس ئاغا كاریگەر بووە بەدەشت و دەری سەوزی كوردستان و دەنگی بولبول و تاڤگەكانەوە سەرسام بووە.
لەدوای كۆچی دوایی (لەیلا)ی دایكی كاوێس ئاغا، لەلای ئەحمەد خانی هەركی ژیاوە، و دواتر گرنگیی بەفۆلكلۆری كوردی داوە، لەساڵی (1915) گەشتی كردووە بۆ ڕواندوز و لەماڵی نەورۆز باویل ئاغا و مەحەمەد حاجی نەورۆز ژیاوە، دوای ئەو ساڵە واتە لە 1916 گەشتی كردووە بۆ شەقڵاوە و لەوێ ژیاوە، دواتر ژیانی هاوسەری لەگەڵ (ئامینەی كچی مەحمود شەریف) پێكهێناوە و چەندین نەوەی دوای خۆی جێهیشتووە، بەرەهەمەكانی كاوێس ئاغا بەدیالێكتی كرمانجی سەروو بووە، لەگەڵ ئەوەی كاوێس ئاغا لاوكی دەگوت، هەروەها شاعیریش بووە، یەكەمین بەرهەمی كاوێس ئاغا، بەناوی (گەنج خەلیل) بووە و دواتریش چەندین مەقام و دواتر چەندین جار چاوی كەوتووە بەشێخ مەحمودی حەفید، لەساڵی 1930 كاوێس ئاغا، دوو ئاهەنگی ساز كردووە لەچایخانەی عەلی شكاك لەقەزای ڕانیە و ئاهەنگی دووەمیشی لەماڵی قائیمقام جەلال سائیب بووە، كاوێس ئاغا لەبواری لاوك گوتنەوە، خاوەن دەنگێكی زوڵال و بەجۆش بووە، چەندین لاوكی گوتووە بەسەر سەركردە و كەسایەتییە ناودارەكانی كۆن و ئاشقان، بەمەش توانی هونەری كوردی پڕ بەرهەم و كاری جوان بكات و تاوەكو لەساڵی (1936) كۆچی دوایی دەكات و لەگۆڕستانی هەرشەم دەنێژرێت، ئێستاش پەیكەری كاوێس ئاغا لەشارۆچكەی شەقڵاوەیە، وەك ڕێزلێنانێك بۆ ئەو هونەرمەندە ڕەسەنە.
Top