ساواری خۆمان بەدانوو كوڵاندن

ساواری خۆمان بەدانوو كوڵاندن
دروستكردنی ساوار ڕێگەیەكی كۆن و كوردانەی هەیە، كە لەدانوو كوڵاندنەوە دەست پێدەكات و تا دەگاتە ئاش و بەم شێوەیە، سەرەتا گەنمی ڕەشەگوڵ دەهێنێت و دەشۆردرێتەوە و پاشان ئامادە دەكرێ بۆ كوڵاندن، ئاو گەرم دەكرێ و پاشان گەنمەكەی تێدەكرێ و دانوو لەسەرەتاكانی مانگی هەشت و نۆ دەكوڵێنرێ، چاكترە لەمانگی نۆوە بێ، چونكە لەو مانگە فێنك دەبێ و بۆ دوای كوڵاندنی گەنمەكە باشە و ڕەنگی زەرد و جوان دەبێ، دانوو كوڵاندن نزیكەی دوو كاتژمێری دەوێ تا تەواو دەكوڵێ، بەوە دەزانین گەنمەكە كوڵاوە كاتێك ئاوی دانووەكە كەم دەبێ و بەئاگرێكی نزم لەكۆتایی دەوێ، دانوو بەدار دەكوڵێنرێ و بەڵام كەرەستەی دیكە دانووەكە یان گەنمەكە ڕەش دەكا وەك تایە و نەوت، كاتێك كە گەنمەكە دەكوڵێ دەبێ لەپارزوونگ بدرێ و ئاوەكەی نەمێنێ و پاشان لەشوێنێك هەڵدەخرێت و ماوەی زیاتر لەڕۆژێكی دەوێ تاوەكو گەنمەكە وشك دەبێتەوە و دواتر دەبردرێتە ئاش، لەئاشیش دەكرێتە ساوار، بۆ نموونە ئەگەر فەردەیەك گەنم بكوڵێنین دەبێتە نزیكەی فەردەیەك و نیو ساوار، ساواری خۆمانە تامی خۆشە و وەك ساواری بازرگانی نییە، ئەمەش بیرۆكەیەكی كوردی كۆنە و لەسەردەمی پێشووشدا كاری لەسەر كراوە، لەدوای لەئاش دانی گەنمەكە، كە جار جار دەبێ بەئاو تەڕ دەكرێ و دواتر لەبێژینگ دەدرێ و ئەوەی سەرەوە دەبێتە ساوار و خوارەوەش دەبێتە پیرخەنی، پیرخەنیش لەناو خواردن دەكرێ وەك كفتە و دەكرێ بەشلی ئامادە بكرێ و یان لەگەڵ بڕووش تێكەڵ دەكرێ و دەبێتە كفتە.
Top