تێكەڵە (مقلوبە)!

تێكەڵە (مقلوبە)!
كاتێك مەنجەڵی ئەو جۆرە خواردنە دادەنرێتە سەر سنی خواردن، لەو كاتە برنجەكە دەكەوێتە ژێرەوە، چەندین ڕیز لەجۆرەها خواردن و سەوزە دەبینی، هەر یەكە بە تەبەقەیەك دادەنرێ، لەسەرەوە گۆشتەكە دەردەكەوێ، دواتر پارچەیەك لەتەماتە و پیاز و كودی و باینجان و كەرەوز و پەتاتە و بیبەری سەوز، هەر یەكە لەڕیزی یەكتر دادەنرێ، ئەو خواردنە زیاتر لەهەولێر بەناوبانگە و خواردنێكی خۆشە و هاوشێوەی دۆڵمەیە، بەڵام بەڕێكی دادەنرێ. ئەو خواردنە لەگەڵ زەڵاتە یان مەرەگەیەك یان شۆربەیەك دادەنرێ، كاتێك ئەو خواردنە دەخرێتە سەر سنی، برنجەكە دەكەوێتە ژێرەوە، بەپێچەوانەی كاتی ئامادەكردن كە برنجەكە دەخرێتە سەرەوە. هەندێك خانمانی چێشتلێنەر، نان دەخەنە ژێرەوەی مەنجەڵەكە تاوەكو لەكاتی سەراوژێر دەكرێ لەسەر سنی، شێوەی وەك كێك دەربچێ. چۆنیەتی ئامادەكردنی ئەو خوارنە بەم شێوەیەیە: سەرەتا گۆشتەكە دەكوڵێنرێ و دەخرێتە ژێرەوەی مەنجەڵەكە، پاشان هەر یەكە لەسەوزەكان و كەرەستەكان، هەندێك سوور دەكرێنەوە و دواتر بەپارچە پارچە دادەنرێ، هەر یەكە بەتەبەقەیەك، لەدواجار برنج دەخرێتە سەرەوەی هەموویانەوە، دواتر دەخرێتە سەر ئاگر و تا بەتەواوی دەكوڵێنرێت و تا دوای (30) خولەكێك، پاشان دەهێنرێتە خوارەوە و دوای سارد بوونەوە، لەسەر سنی مەنجەڵەكە سەراوژێر دەكرێ و ئیتر خواردنی ناو مەنجەڵەكە دەڕێژێنرێتە سەر سنیەكە، بۆیە پێی دەگوترێ مقلوبە، واتە سەراوژێر، لەناو هەولێریەكانیش بەتێكەڵە دەناسرێ، واتە خواردنێك كە هەمووی تێكەڵی یەكترە، ئەمەش بەیەكێك لەخواردنە گەورە و خۆشەكان دادەنرێ و زۆر جاریش بۆ گەشت و سەیران ئامادە دەكرێ.
Top