جەنجـــــــــــەڕ و دەڕراســــــــــە!

جەنجـــــــــــەڕ و دەڕراســــــــــە!
ئێستا مانگی جۆزەردانی كوردیە، لەو مانگەدا كە هەر ناوەكەی گوزاشت لەكەشەكە دەكات، بەرووبوومی جۆ و گەنم زەرد دەبێ بەهۆی ئەوەی جۆ بەهێزترە زووتر گەورەدەبێ، بۆیە پێش گەنم زەرد دەبێ و ئیدی ناو لێنانی جۆزەردان لەو لایەنەوە هاتووە، واتە وادەی دوورینەوە دادێ و دەبێ جووتیاران بەرووبوومەكانیان بدورێننەوە. لەسەردەمی پێشوودا دروێن كردن بەم شێوەیە بوو، كاتێك وادەی دروێنە دەهات و ئیتر هەرچی پیاوان و گەنجان و تەنانەت ئافرەتانیش بەشدار دەبوون لەدروێنە كردن، هەر یەكە بەداسێكی تیژەوە، كە ئاسنێكی تیژە و لار بۆتەوە، لەشێوەی نیوە مانگە، بەمەش ئەو كەسەی دروێنەی دەكرد، بەدەستێك دەغڵ و دانەكەی دەگرت و بەدەستێكی دیكەش كە داسی لەدەست بوو، لەنزیك زەوییەوە دەغڵەكەی دەبڕی و لێی دەكردەوە، دواتر ئەو دەغڵ و دانە هەڵدەگیرا و لەشوێنێك كۆ دەكرایەوە دەبوو بەكاری جۆخین و جۆخین كردن، پاشان بە(جەنجەر) بەسەر ئەو دەغڵ و دانە دەكەوتن كە بەئێستر ڕادەكێشرا، تاوەكو دان و دەغڵەكە لەیەكتر جیا دەبوویەوە، دواتر دانەكە كە دەبوو بەگەنم و جۆ، بەشنەبا و بە(شەنە) بەجوانی جیا دەكرایەوە و هەڵدەگیرا، ئەمەش ژیانی كورەدەوای كۆن بوو، تا ئەو كاتەی ئامێرێك دروست كرا بەناوی (دەڕراسە)، كە ئامێرێكی گەورە و بەهێزە، لەپێشەوە دەوێكی گەورەی هەیە، لەگەڵ چەندین لكی ئاسنین، كاتێك دەڕراسە دەهێنرێتە سەر دەغڵەكە و ئیتر ئەو دەڕراسەیە خۆی كاری داس و لێكردنەوە و جەنجەر و شنەبا ئەنجام دەدات، واتە هەر یەكە بەپێ كارەكانی خۆی، تا لەكۆتایی دان و دەغڵەكە جیا دەكاتەوە، لەهەندێك شوێن تاوەكو ئێستاش دروێنە بەدەست دەكرێ، ئەمەش لەناوچە شاخاوییەكان، كە دەڕراسە ناگات بەو شوێنانە.
Top