برنج بە پونگ

برنج بە پونگ
ئا:وێنە – ژیان دزەیی
پونگ، یەكێكە لەو گیایانەی كە لەلێواری ئاودا دەڕوێت و بۆنێكی خۆشیشی هەیە و هەروەها بەسوودە بۆ مرۆڤ بۆ نەخۆشی ژانە سگ زیاتر، جاران بۆ نەخۆشی گەدە بەكاریان دەهێنا، هەروەها لەپێشوودا لەناو باخچەكانی ماڵدا دەچێندرێ. ئامادەكردنی پونگ وەك سوود وەرگرتن بەم جۆرە دەبێ:
سەرەتا پونگەكە لێدەكرێتەوە و كەل كەل دەكرێ و ئینجا لەسەر سەبەتەیەك دادەنرێ لەبەر هەتاو تا وشك دەبێـتەوە، پاشان هەندێك برنج دەهێنین لەگەڵ پونگەكە بەم شێوەیە ئامادەی دەكەین. سەرەتا هەندێ سماق دەهێنرێ و لەناو بڕە ئاوێك دەكرێ دوایی پونگە وشك كراوەكە لەناو ئەو ئاوە دەكرێ و بۆماوەی نیو كاتژمێر لەناو ئاوەكە دەمێنێتەوە، دواتر پارچەیەك گۆشتی بەرخی بەگوێرەی ئارەزووت دەشورێتەوە. لێرەدا دەبێ سماقەكە بپاڵێورێت و لەسەر ئاگر دادەنرێت.
پاشان گۆشتەكەی لەناو دەكرێ و تا ماوەیەك دەكوڵێ و پاشان برنجەكەی لەسەر دەكرێ، دووبارە بەیەكەوە دەكوڵێن تاوەكو ئاوەكەی چك دەكات و ئینجا تەنەكە لەژێری دادەنرێ و تا دێمی دەكێشێ، پاشان ڕۆن دەهێنرێت و سوور دەكرێتەوە بەسەر خواردنەكە دادەكرێ، دواتر بۆ ماوەیەك لەسەر ئاگر دەهێڵدرێتەوە دواتر دەیهێننە خوارێ و لەو كاتە ئامادە دەبێ بۆ خواردن و تامێكی خۆش و بەلەزەتی هەیە.
Top