تــــیپی مۆســــــیقای ســــلێمانی

تــــیپی مۆســــــیقای ســــلێمانی
تیپی مۆسیقای سلێمانی یەكێك بوو لەناودارترین تیپە میوزیكەكان لەحەفتەكان كە خزمەتێكی گەورەی بەفولكلۆر و میوزیكی كوردی كردووە، دامەزراندانی ئەو تیپە بەمەبەستی پاراستنی ڕەسەنایەتی و بوژاندنەوەو گەشەپێدانی هونەری كوردیی لەشێوازێكی نوێ و هاوچەرخدا، تیپی مۆسیقای سلێمانی لە(23/5/1967) لەشاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری كۆمەڵێك هونەرمەندی بەتوانا دامەزرا.
كاتێك تیپی هونەری ڕەشیدی میللیی لەشاری بەغداوە دێنە سلێمانی بۆ سازكردنی ئاهەنگێكی تایبەت، سەرۆكی ئەو تیپە (حەقی شبلی) توانای هونەرمەندە میوزیك ژەنەكانی سلێمانی دەبینێت، پێیان سەرسام دەبێت و داوایان لێ دەكات بۆ ماوەی (20) خولەك بەشداری ئاهەنگەكەیان بكەن كە لەهۆڵی (سانەوی) سلێمانی پێشكەشكرا، ئەوانیش بەناوی (تیپی مۆسیقای سلێمانی)ـەوە دادەبەزن و چەند بەرهەمێك پێشكەش دەكەن كە دەبێتە جێی شانازی ئامادەبووان، ئەمە دەبێتە سەرەتاو هەوێنی دروستبوونی ئەم تیپە.
دامەزرێنەرانی تیپی موسیقای سلێمانی، بریتی بوون لەبەڕێزان (ئەنوەر عمر محمد قرەداغی-فەرەیدون سعید جعفر دارتاش-فرید عیسا نڤر صرافیان- ولیم یوحنا خنا نیشو-محمد ئەمین حوسێن ئەحمەد)، هەروەها ئەو گۆرانیبێژانەی كە لەو تیپە بەشداریان كردووە و گۆرانیان گوتووە ئەمانە بوون (علی مەردان- تایەر تۆفیق - ڕەشۆل - ڕەسول گەردی - حەمە ساڵح دیلان - حەسەن زیرەك - باكووری - هۆمەر دزێی- شەماڵ سائیب - فوئاد ئەحمەد - تەحسین تەها - حەمەجەزا و عەدنان كەریم - جەلال كۆچەر - قادر مەردان - فەرەج حاجی ڕەشید -عەلی عەزیز - تەحسین تەها- عەبدوڵای سەید زادە - وەلی سەیدزادە –توفیق عەلی - خەسرەو تۆفیق - شەهید عەبەی مەلا - عومەر خەزان - ئەحمەد شوشەچی -محەمەد نێرگز - سەلاح ڕەشید - حەمەجەزا عەلی - ناصری ڕەزازی - محەمەد ئیبراهیم (حەمەقوتو) - كەریم خەمزەیی...) !
ئەو ئامێرانەی لەو تیپەیان دەژەنی بریتیی بوون لە: (ساز –شمشاڵ و باڵەبان- تەپڵ (زەرب) – دەف)، هەروەها ئەو گۆرانیبێژانەی لەم تیپە بەشدار بوون و گۆرانیان دەگوت: (كەریم غەمزەیی – عەدنان كەریم-عوسمان خەیاتی كۆچ كردوو)، بەم جۆرە ئەو تیپە بەشداری دەكرد لەفیستیڤاڵ و ئاهەنگی میللی و تایبەت و گشتی، ئەو وێنەیە لەساڵی (1979) لەهۆڵی (خولد) لەشاری بەغدا گیراوە لەكاتی گۆرانی گوتن.
Top