ئەستوركە بەپەنیری كوردی

ئەستوركە بەپەنیری كوردی
كورد خاوەنی گەلێك كاری دەستی و دەست ڕەنگینیە، بەدەست و پەنجەكانەوە كاری جوان دەكەین و وەك دەریایەكی لەبن نەهاتووین، ئافرەتی كورد زۆر ئازا و چەلەنگە، بەتایبەت لەپێشوودا تەنانەت تا ئەمڕۆش ئافرەتی بوێر و بەتوانامان هەیە، یەكێك لەو كارە جوانانەی كە ئافرەتی كورد لێ خاتوونە، ئەویش دروستكردنی (ئەستوركە بەپەنیرە)، خواردنەكانی دەست ئافرەتانی كورد چەندین جۆرن لەوانە: ئەستوركە بەپەنیر- ناسكە نان- هەرمیشك، هەر یەكە لەوانە خواردنێكی خۆشە و بەیانیان و جار جارە ئێوارانیش دەخوردرێت. لێرەدا باسی ئەستوركە بەپەنیر دەكەین كە چۆن دروست دەكرێ، بەم شێوەیەی خوارەوە:
ئارد دەهێنرێ و دەكرێتە هەویر، هەویرەكە دوای ئەوەی بەجوانی دەشێلن ئینجا ئاگردان ڕێكدەخەن و سێر لەسەر ئاگرەكە دادەنێن، تاوەكو بەجوانی گەرم دەبێ، ئاگری ناو ئاگردانەكە خۆش دەكرێ بەدار یان پاشەڕۆی مەڕ و ماڵات كە پێی دەگوترێ (قشپل) یان سەرگین. دواتر لەسەر فەرشە ئەنگوتەكی هەویرەكە پان دەكەنەوە و دوو سەركە پەنیر ورد دەكەن، هەندێ لەو وردە پەنیرە وردكراوە لەسەر لایەكی هەویرە پانكراوەكە دادەنێن، پاشان لایەكی دیكەی هەویرەكە بەسەر نانەكە دادەدەنەوە و جوان ڕۆخەكانی دادەخرێ یان قەپات دەكرێ، ئەوەش تا پەنیرەكە نەیێتە دەرەوە، ئینجا بەهۆی ناوبرێشكەوە دەیخەنە سەر سێرەكە و تاوەكو جوان دەبرژێ و سوور دەبێتەوە، دواتر دەخرێتە سەر سنی و ئامادە دەبێ بۆ خواردن.
ئا: وێنە – ژیان دزەیی
Top