كورد، بەخاوەنی چەندەها داستان و قەڵا كۆنەكان ناسراوە، هەریەكە بەیەكێك لەقۆناغە گرنگەكانی مێژووی كورد بەگرنگ دادەنرێ و جێگەی بایەخن، سەبارەت بەقەڵای دمدم، سەرچاوەکانی مێژوو بەدرێژی باسی ئەو ڕووداوە گرنگەی ساڵی (1608)یان کردووە. لەڕووی گێڕانەوەی مێژووییەوە بەئاسانی دەتوانین لەسەرچاوە فارسی و کوردییەکاندا بۆ ڕاستی و ئەم بوێری و بەکۆمەڵ شەهیدبوونەی کوردانی سەربەرزی قەڵای دمدم بگەڕێین. قارەمانانی قەڵای دمدم بەسەرکردایەتی (خانی لەپ زێڕ) تا دوا هەناسە و دوا دڵۆپی خوێن لەگەڵ داگیرکەردا شەڕیان کرد و بەکۆمەڵ مردنیان لەسەرشۆڕکردن بەباشتر زانی. ئەم تابلۆیە لەئەدەبیاتی کوردیدا زۆر بە بەربڵاوی ڕەنگی داوەتەوە. ئەگەر هەندێ لەداستانەکانی تر لەداستانی فۆلکلۆرەوە بۆ داستانی نووسراو و هەڵبەست گۆڕابن، ئەوا داستانی قەڵای دمدم لەڕووداوی مێژووییەوە بووە بەداستانی فۆلکلۆر و لەداستانی فۆلکلۆریشەوە بووە بەچیرۆکی سەر شانۆ و ڕۆمانی نوێ. لەسەرەتای سەدەی حەڤدەهەمەوە تا ئەمڕۆ ئازایەتی جەنگاوەرانی قەڵای دمدم لەسەر زار و زمانی گۆرانیبێژ و بەیت بێژانی دەگێڕدرێتەوە، ئەمەش دەبێتە یەكێك لەگەورەترین مێژوو و سەروەریی بۆ گەلی كورد.