سوریا: ئەگەر ئەمریکا ئەمجارە هێرش بکاتەسەرمان کاردانەوەمان وەک ڕابردوو نابێت

سوریا: ئەگەر ئەمریکا ئەمجارە هێرش بکاتەسەرمان کاردانەوەمان وەک ڕابردوو نابێت
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، ئەگەر بێت و ئەمریکا هێرشێکی دیکە بکاتەوە سەر شوێنەکانی لەشکری وڵاتەکەیان، ئەوا کاردانەوەی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی جیاوازدەبن.

فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دیمەشق وتی "جێی سەرسوڕمان نییە ئەمریکا و بە تایبەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هێرشی نوێ بکاتەوە سەر سوریا، بەڵام دەبێت بە وردی کاردانەوەکانی سوریا و هاوپەیمانەکانیشی لەبەرچاوبگرێت کە وەک ئەوەی ڕابردوو نابێت".

هەروەها وتیشی "ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە ڕێگەی ئەو هێرشەى کەماوەى پێشوو کردییە سەر فڕۆکەخانەى شعێرات ویستی بە جیهان بڵێت بەهێزم و دەتوانم لە هەموو شوێنێک بدەم".

میقداد جەختی لەوەش کرد وڵاتەکەی هیچ چەک و گازێـکی کیمیایی نەماوە و هەمووی لەناوبردووە.

لێدوانی ئەم کاربەدەسـتەی سوریا پاش هەفتەیەک دێت لەوەی کۆشکی سـپی ڕایگەیاندبوو، کە دیمەشق خۆی بۆ هێرشی چەکی کیمیاوی ئامادەکات و هۆشداریدا ئەگەر بێت و جارێکی دیکە چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێتەوە ئەوا باجێکی گەورە دەدات.
دواتریش جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی، پێدەچێت دیمەشق ئاگادارییەکانی واشنتنی بە باشى وەرگرتبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ٤ى نیسانى ٢٠١٧ فڕۆکەکانی حکومەتی سوریا شاری خان شەیخونی پارێزگای ئیدلبیان بۆردومانکرد و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم ٧٤ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی برینداربوون.

ئەمریکاش پاش سێ ڕۆژ لەو ڕووداوە ٥٩ موشەکی گرتە فڕۆکەخانەی لەشکری شعێرات کە لەوێوە فڕۆکەکانی حکومەتی سوریا هەستابوون و بۆردومانی خان شەیخونیان کردبوو.




nr T
Top