جۆن کیری هۆشداری دەدات کە ڕەنگە ئاگر بەست کۆتا هەلی ڕزگاربووی سوریابێت لە جەنگ

جۆن کیری هۆشداری دەدات کە ڕەنگە ئاگر بەست کۆتا هەلی ڕزگاربووی سوریابێت لە جەنگ
دوای ئەوەی ئاگربەستی لە سوریا بە پشتیوانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە ڕۆژی دووشەممەوە ١٢ی ئەیلول ڕاگەیەندرا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەی ئەم ئاگربەستە کۆتا هەلی ڕزگاربوونی سوریا بێت لەو جەنگەی تێی کەوتووە.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئەیلول بڵاوکراوەتەوە جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە "بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە سوریا هەن و ئەو پێکدادانانەی ڕوودەدات ئاگربەست و پابەند بوون پێوەی باشترین جۆری چارەسەرە بۆ دەرهێنانی سوریا لە جەنگ".

کیری جەختیکردووەتەوە کێشەکان دەبێت بە ڕێکاری سیاسی چارەسەربن و هەر ئەو ڕێگایەشە کە کۆتای بە جەنگی سوریا دەهێنێت.

کیری ڕاشیگەیاندووە "داوا لە تەواوی جەمسەرەکانی شەڕ دەکەین لە سوریا پشتگیری ئەم ئاگربەستە بکەن ئەگەر پێیان وایە نابێت سوریا لەوە زیاتر بەردەوامبێت لەسەر شەڕکردن".

ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕوسیا و ئەمەریکا هەواڵی ڕێککەوتنێکیان سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ لە سوریا بڵاوکردەوە و بەو پێیە هەردوولا ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی یەک هەفتە پاشان بڕگەکانی ئاگربەستەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوێنێ کاتژمێر حەوتی ئێوارە ئەو ڕێکەوتنەی کە لە نێوان ڕوسیا و ئەمەریکادا ئیمزاکراوە سەبارەت بە ئاگربەست لە ناوخۆی سوریا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا بوو.

شەڕو نائارامییەکانی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١وە دەستی پێکردووە، کە تا ئێستا بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس کوژراون وبە دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون و چەند ملیۆنێکش ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون.
Top