بەرپرسێکی باڵای ئێران: ناهێڵین ئەمریکا بەشداریی رزگار کردنەوەی مووسڵ بکات

 بەرپرسێکی باڵای ئێران: ناهێڵین ئەمریکا بەشداریی رزگار کردنەوەی مووسڵ بکات
بەرپرسێکی باڵای ئێران رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی رێگا نادا ئەمریکا هیچ رۆڵێکی لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی مووسڵدا هەبێت.

رۆژی دووشەممە 5ـی ئەیلوولی 2016، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی هیچ رۆڵێک لە عێراق ناگێڕێت، ”مەگەر بە ئاگاداریی حکوومەتی عێراق نەبێت“.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی هەروەها رایگەیاندووە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ دەکەن و ”نابێ ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک بەشداریی شەڕەکە بکات“.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.

چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.

پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.












باسنيوز
Top