ئێران چەک و تەقەمەنی و هێزی زیاتری ڕەوانەی سووریا کرد و لە مانگی ڕابردووشدا 302 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا کوژراون

 ئێران چەک و تەقەمەنی و هێزی زیاتری ڕەوانەی سووریا کرد  و لە مانگی ڕابردووشدا  302 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا کوژراون
حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی پشتیوانییەکانی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دوێنێ یەکشەممە چەک و هێزی سەربازیی زیاتری بۆ ئەو وڵاتە بەڕی کرد.



بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێران ڕۆژی یەکشەممە 2016 -9 -4 لەڕێگای فڕۆکەی سەربازییەوە، چەک‌وچۆڵ و هێزی سەربازیی و تفاقی شەڕی بۆ سووریا بەڕی کردووە و پشتیوانییەکانی لە ئەسەد زیاتر کردووە.



ماڵپەڕی "گزارش جنگ" بڵاوی کردووەتەوە کە سێ فڕۆکەی سەربازی لە تارانەوە بۆ دیمەشق لە ڕێگای خاکی عێراقەوە ڕۆیشتوونەتە سووریا و چەک و هێزی سەربازییان بۆ ڕێژیمی ئەسەد ناردووە.



ڕاپۆرتەکان باس لەوەش دەکەن کە ڕووسیاش وێڕای ئێران پشتیوانییەکانی لە بواری چەک‌وچۆڵەوە بۆ سووریا زیاتر کردووە.



ڕۆژی ڕابردوو مەسعوود پزشکیان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لەوە کرد کە هاوکاریی سەربازیی ئێران و ڕووسیا و کەڵک‌وەرگرتنی ڕووسیا لە بنکەی ئاسمانی نۆژە، لەسەر بڕیاری خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.



ئەو بەرپرسەی پەرلەمانی ئێران هەروەها باسی لەوەش کردووو کە پرسە سیاسی و ئەمنییەکان پەیوەندی بە ئەنجومەنی باڵای ئەمنیەتی میللی و ڕێبەری ڕێژیمەوە هەیە و پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە و نابێت دەستێوەردان لەو کارانەدا بکات.



پشتیوانی و یارمەتییە مرۆیی و ماڵییەکانی ئێران لە بەشار ئەسەد بەردوام درێژەی هەیە و بەرپرسانی ئێران بە هەموو هێز و تواناوە لە سووریا شەڕ دەکەن و هەتا ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان نزیکەی 1500 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا کوژراون کە زیاتر لە 10 فەرماندەی پلە باڵایان تێدا بووە.



لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ڕابردووەوە تا ئێستا 302 کەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە سووریا کوژراون.



لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا دامەزراوەی فۆربێسی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە ڕژێمی ئێران، لەڕێگای کۆمپانیای "ماهان‌ئێیر"ەوە، بە ژمارەی ساختەەوە گەشتی ئاسمانی بۆ سووریا ئەنجام دەدات، و لەو ڕێگایەوە چەکوچۆڵی سەربازی بۆ ڕژێمی ئەسەد بەڕی دەکات.












باسنیوز
Top