ئەردۆغان بۆ ئۆباما: شەڕی تورکیا دژی داعش و یەپەگە بەردەوام دەبێت

ئەردۆغان بۆ ئۆباما: شەڕی تورکیا دژی داعش و یەپەگە بەردەوام دەبێت
باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و پرسی سووریا و رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بوون.

ئۆباما و ئەردۆغان رۆژی یەكشەممە 4-9-2016 لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی جی 20 کە لە شاری هانگژۆو لە چین بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵە پەرسێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاووتوێکرد، لەوانە شەڕی دژی داعش و کودەتا شكستخواردووەکەی 15ی تەمموزی تورکیا.

سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە "تیرۆرست جۆری باش و خراپی نییەو ئەوان شەڕی هەموو جۆرە تیرۆریستێک دەکەن".

ئەردۆغان راشیگەیاندووە "شەڕی تورکیا لە دژی داعش و یەپەگە بەردەوام دەبێت". هاوکات داواشی لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، فەتحوڵڵا گیولەن، سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەت رادەستی تورکیا بکاتەوە.

ئۆباما لە کۆبووونەوەکەدا پشتگیری بۆ هەوڵەکان لە دژی کودەتاکەی تورکیا دەربڕیوە، ئەمەش یەکەمجارە واشنتن لەسەر ئاستی باڵا بە ئاشکرا هەڵوێست لەسەر ئەم پرسە بخاتەڕوو.

سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری بۆ هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دووپاتکردووەتەوە و راشیگەیاندووە "نابێت تورکیا بەتەنیا بەرپرسیارێتی ئەو هەموو پەنابەرە لەخۆبگرێت."

ئۆباما و پوتین 45 خولەک لە کۆبوونەوەیەکی داخراودابوون، لەدوای کودەتاکەی 15 تەمموزەوە یەکەمجارە رووبەڕووی یەک ببنەوە.

هەر لە پەراوێزی لووتکەی جی 20، ئەردۆغان لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە و جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لە ساڵی 1915دا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بوو.

هەفتەی رابردوو پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی ئەڵمانای تێپەڕێندراو تێیدا کۆمەڵکوژییەکەی 1915 لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەجینۆساید ناسێندرا.










رووداو
Top