باڵیۆزی کوەیت بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی: کە هاتن بۆ ئەمریکا ئاگاداری مۆباییلەکانتان بن
ئاژانسی هەواڵی کونای سەر بە حکومەتی کوەیت بڵاویکردەوە ، باڵیۆزی کوەیت لە ئەمەریکا لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاندووە " بەرپرسانی بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکا پشکنین بۆ موبایلی گەشتیاران دەکەن".
لە بەیانامەکەدا هاتووە" باڵیۆزی کوەیت لە ئەمەریکا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئاگاداردەکاتەوە پێش هاتنیان بۆ ئەمەریکا هەموو بابەت و وێنەیەک لە موبایلەکانیاندا بسڕنەوە کە سروشتێکی توندڕەوی پێوەدیاربێت و تایبەتبێت بەو ناوچانەی شەڕو پێکدادانی تێدایە و ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانی لێیە یاخود وێنەی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە".
باڵیۆزەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەم داوایە بۆ خوێندکار و هاوڵاتی کوەیتە بۆ ئەوەی لەلایەن بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکاوە ڕوبەڕوی پرسیار نەبنەوە یاخود توشی گرفتێک نەبن کە ببێتە هۆی پوچەڵکردنەوەی ڤیزاکانیان و قەدەغەکردنی گەشتکردنیان بۆ ئەمەریکا".
هاوکات ڕۆژنامەی ئەلڕەئی عەرەبی مانگی تەمووزی ڕابردوو بڵاویکردەوە سێ بازرگانی کوەیت کە گەشتیان بەرەو ئەمەریکا کردبوو لە فڕۆکەخانەی لۆس ئەنجیلسدا بۆ ماوەی ٢١ کاتژمێر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵداکرا و پشکنین بۆ موبایلەکانیانکراو نێردرانەوە بۆ کوەیت کە ئەمەش دووەم ڕووداوی لەوجۆرەیە لەمساڵدا.
وڵاتی ئیماراتی عەرەبی مانگی تەمووزی ڕابردوو بە هاوڵاتیەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند لە کاتی گەشت و سەردانەکانیاندا جلوبەرگی عەرەبی لەبەرنەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی بازرگانێکی وڵاتەکە لە ئوتێلێکی ئۆهایۆی ئەمەریکا بە جلوبەرگی عەرەبیەوە و بە گومانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی داعش دەستگیرکرا.
NRT -