هەپەگە: لە چەلێ و گەڤەری جۆلەمێرگ ٣٠ سەربازى سوپاى تورکیا کوژران

هەپەگە: لە چەلێ و گەڤەری جۆلەمێرگ ٣٠ سەربازى سوپاى تورکیا کوژران
هەپەگە ڕایگەیاند، لە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگى باکوورى کوردستان بەهۆى شەڕى نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانى سوپاى تورکیاوە ٢٦ سەربازى سوپاى تورکیا لە ناوچەى چەلێ و گەڤەری جۆلەمێرگ کوژراون و سێ گەریلاش شەهیدبوون.

ئەمڕۆ ٣ى ئەیلولی ٢٠١٦ ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان ڕۆژى ٢ى ئەیلول بە چەکى هاوەن و چەکى قورس هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانى تورکیا لە دەورووبەرى گردى شەهید هۆزان لە ناوچەى گەڤەرى جۆلەمێرگ و بەو هۆیەوە چوار سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، گەریلاکانیان لە ڕۆژى ٢ى ئەیلولدا لە ناوچەى شەهید جیهاد و شەهید نەواڵ لە چەلێى جۆلەمێرگدا لە دژى هێزەکانى سوپاى تورکیا لە چالاکییان ئەنجامداوە و لەو هێرشەدا شەش سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون و سێ گەریلاش شەهید بوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دواى ئەو شەڕە سوپاى تورکیا بەرەو ناوچەى قەڵاى ئەرتوش ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە و گەریلاکانیشیان بەرەنگارییان کردوون و شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە و ئەوەندەى بۆ گەریلاکانیان ڕوون بووەتەوە ٢٠ سەربازى تورکیا لەو شەڕەدا کوژراون.

هاوکات سوپاى تورکیا بە تۆپى جۆرى ئۆبیس، هاوەن، کۆپتەرى جۆرى کوبرا دەستیکردووە بە بۆردومانکردنى گردى شەهید جۆلەمێرگ، شەهید جیهاد و شەهید نەواڵ و تا ئێستاش شەڕ لە گردى شەهید جیهاد بەردەوامە و سوپاى تورکیاش بە فڕۆکەی جەنگی، کۆپتەرى جۆرى کوبرا و هاوەن بە چڕى شوێنى پێکدادانەکان بۆردومان دەکات.

هەروەها گەریلاکانى پەکەکە لە نزیک گوندى نزرا، چرکانس و شاڤت لە جۆلەمێرگ دوو تاوەرى هێڵیى ئینتەرنت و تەلەفونى تورکسەل و ڤۆدافۆن – ئەڤیایان تێکشکاندووە.

هەر ئەمڕۆ هەپەگە بڵاویکردبووە، گەریلاکانیان هەڵمەتێکى سەربازییان بە ناوى "هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید چەکدار ماهیر سەربەست" لە دژى سوپا و هێزە ئەمنیەیکانى تورکیا دەستپێکردووە. لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتەدا لە ئامەد، دێرسیم، ئاگرى و شاخى تەندورەک لە زنجیرە چیاى ئاگری، چیاى جودیى شڕنەخ ژمارەیەک هێرشیان لە دژى هێزەکانى سوپاى تورکیا ئەنجامداوە، کە بە هۆیانەوە ٢٢ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون و ٢١ سەربازى تریش بریندار بوون.

لە دواى ئەوەى شەوی ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژى مۆرکردنى ڕێککەوتننامەى لۆزاندا، ٨٥ فڕۆکەی جەنگیی تورکیا هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاى گەریلاکانى پەکەکە، پرۆسەى ئاشتى لە باکوورى کوردستان کۆتایى پێهات و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین پێکدادان لەنێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیادا لەناوچە جیاجیاکانى باکوورى کوردستان ڕوویانداوە.
NRT -
Top