جۆن کیری و سێرگی لاڤرۆڤ، لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە سوریا ڕێککەوتن

جۆن کیری و سێرگی لاڤرۆڤ، لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە سوریا ڕێککەوتن
جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە سوریا ڕیکەوتوون.

دوێنێ ٢٦ی ئابی ٢٠١٦، دوای نزیکەی ١٢ کاتژمێر گفتوگۆ لە شاری جنێف لە سویسرا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمەریکا و ڕوسیا گەشتونەتە ڕێککەوتن، بەڵام تا ئێستاش کێشەی زۆر هەن کە شایەنی ئەوەن گفتوگۆیان لەبارە بکرێت، و وەفدی هەردوو وڵات لە وڵاتی سویسرا دەمێننەوە بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر کێشەی سوریا".

کیری ڕایگەیاندووە "بە بڕوای ئێمە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی سوریا پێویستە بە ڕێککەوتنێکی سیاسی بگەین".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی هاوکاری گروپەچەکدارەکانی ئێران و حزبوڵا و هاوکاری ڕوسیا سوپای ئەسەد چەند چارێک ئاگربەستەکانی شکاندووە.

جۆن کیری جارێکی دیکە قسەی لەسەر وێنەی عمرانی منداڵە سورییەکە کرد و ڕایگەیاند "ئەو وێنە و ڤیدیۆیە لەبارەی عمرانەوە بڵاوبوویەوە دەبێت هەموو جیهان والێبکات کە بە رێککەوتنێک بگەن لەسەر کیشەی سوریا".
دوای ئەم گفتوگۆ و وتانەی کیری، بە چەند کاتژمێرێک هەزاران کەسی مەدەنی لە شاری داریای گەمارۆدراو چونە دەرەوە، کە ئەوەش بە ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان سوپای سوریا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان.
Top