ئێران بە مەرج بەشداریی لە گێڕاندنەوەی جێگیریی بۆ بازاڕی نەوت دەکات

ئێران بە مەرج بەشداریی لە گێڕاندنەوەی جێگیریی بۆ بازاڕی نەوت دەکات
بەهۆی ڕێککنەکەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر جێگیرکردنی ئاستى بەرهەمهێنان و زیادبوونی نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا، تا ئێستا نرخی نەوت جێگیرنیە و لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە بەردەوامە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی، محەمەد بارکیندۆ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپیک ڕایگەیاند هەماهەنگی نەکردنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوی ئۆپیک ڕێگرە لە گەیشتن بە نرخێکی دادوەرانەی نەوت کە هەموو لایەک پێی قایل بن، وتیشی بەهێزبوونی بازاڕی نەوت بە تەنیا بەس نیە بۆ ڕاستکردنەوەی نرخەکان.

لەو چوارچێوەیەدا خالید فالح وەزیری وزەی سعودیە ئاماژەی بەوەکرد، پێناچێت وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە گفتوگۆکانیاندا لە جەزائیر کە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، کارێکی ئەوتۆ بکەن بۆ جێگیرکردنی بازاڕی نەوت.

بەڵام لەبەرامبەردا وەزیری نەوتی سعودیە باس لەوە دەکات کە پێویست ناکات لە ئێستادا دەستوەردانی گەورە لە بازاڕی نەوتدا بکرێت چونکە بەوتەی ئەو پێشبینی دەکریت لە مانگی داهاتوودا گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت بگەنە ڕێککەوتن و ئاستى بەرهەمهێنان جێگیربکەن.

لە ئیستادا لەسەر شێوازى بەڕێوەبردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لێکتێگەیشتنێکى زیاتر لەناوەوە و دەرەوەی ئۆپیکدا لە ئارادایە و بازاڕی نەوتیش ڕوو لە باشییە، ئەوەش بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونى خواست لەسەر نەوت.

لە مانگی تەموزی ڕابردوودا سعودیە ڕۆژانە ١٠ ملیۆن و ٦٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە کە ئەوەش ئاستێکی مێژووییە و پێشتر لەو وڵاتەدا تۆمارنەکراوە.

بڕیاریشە لە ڕۆژانی نێوان ٢٦ تا ٢٨ ی مانگی ئەیلولی داهاتوو و لە پەراوێزی کۆڕبەندی وزەی نێودەوڵەتیدا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و وڵاتانی بەکاربەریش لە پایتەختی جەزائیر کۆببنەوە و هەوڵبدەن لەبارەى جێگیرکردنى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتەوە بگەنە ڕێککەوتن.

ئێران کە یەکێکە لە وڵاتانى ئەندام لە ڕێکخراوى ئۆپیکدا جەختی کردووەتەوە کە بەشداریی لە کۆڕبەندەکەدا دەکات، وەزیرى نەوتى ئێرانیش ئامادەیى وڵاتەکەى نیشاندا لە سەقامگیرکردنى بازاڕدا هاریکارى وڵاتانى دیکەى بەرهەمهێنى نەوت بکات، بەڵام بەو مەرجەى ئەوانیش ڕێز لە مافەکانى ئێران بگرن و پشکى خۆى لە هەناردەکردنى نەوتدا بۆ بگگەڕێنرێتەوە.

لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ئاستى بەرهەمهێنانی نەوت لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ناوەوە و دەرەوەی ئۆپیک شکستیهێنا، ئەوەش دوای ئەوەهات کە سعودیە داوایکردبوو ئێران لە کۆبونەوەکانیاندا بەشداریی پێنەکرێت.
Top