فەرەنسا لە بڕیاری قەدەخەكردنی پۆشینی بورکینی پاشگەز بووەوە

فەرەنسا لە بڕیاری قەدەخەكردنی پۆشینی بورکینی پاشگەز بووەوە
ئەنجوومەنی دادوەری فەڕەنسا بڕیاری قەدەخەکردنی پۆشینی بورکینی راگرت کە لەم ماوانەی دواییدا بووبووە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.


قەدەخەکردنی پۆشینی بورکینی لە فەڕەنسا لەلایەن شارەوانی ڤیلینیڤ-لۆبیت دەستی پێکردبوو و لەلایەن دادگای ئیداری نیس پەیرەو کرا کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەری ئەو وڵاتە بڕیارەکەی راگرت.


ئەمەش لەکاتێکدایە خولی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا لە فەڕەنسا تانەیان لە بڕیارەکە گرت و لەوبارەیەوە سەردانی ئەنجوومەنی دادوەریان کردبوو.


لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری فەڕەنسا ئاماژە بەوە کراوە کە لە پۆشینی ئەو جلوبەرگانە نەگەیشتوونەتە ھیچ بنامەیەک بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و راشگەیەندراوە کە شارەوانییەکان ناتوانن قەدەخەیەکی لەو شێوەیە لە کەناراوەکان پەیرەو بکەن.


ھەندێک لە شارەوانییەکانی باشووری فەڕەنسا بە پاساوی "ھۆکارە بۆ تێکدانی شیرازە کۆمەڵگە" پۆشینی بورکینیان لە کەناراوەکان قەدەخە کردبوو.


لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە لە کەناراوی شاری نیسی باشووری فەڕەنسا پۆلیسێک بەزۆرەملێ بورکینی لەبەر ئافرەتێکی مسوڵمان دادەکەنێت و ئەوەیش کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا ھێنا.
Top