نوێنەری ئۆباما پێشبینی شەڕێكی سەخت دەكات

 نوێنەری ئۆباما پێشبینی شەڕێكی سەخت دەكات
داعش لە شارۆچكەی منبجی سووریا لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدراوە، برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی باراک ئۆباماش بۆ شەڕی داعش رایدەگەیێنێ، منبج بۆ داعش گرنگە و پێشبینی دەكرێت شەڕێکی سەختی تێدا بکات.

برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "تێکشکاندنی داعش لە سووریا زەحمەتترە لەوەی لە عێراق، چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ جۆرە هەماهەنگییەکیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد نییە".

دوای 10 رۆژی لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی منبج كە ئێستا ناوەكەی بۆ ئۆپەراسیۆنی شەهیدی فەرماندە ئەبو لەیلا گۆڕدراوە، داعش بەتەواوی لە شارۆچكەی منبجی سووریا لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان گەمارۆدرا.

لەبارەی شەڕەكە نوێنەری ئۆباما دەڵێت "منبج شوێنێکی ستراتیژییە و رێگەی گەیشتنی چەکدارانی داعشە بۆ رەقە، بۆیە پێشبینی دەکرێت داعش شەڕێکی سەختی تێدا بکات". دەشڵێت "شەڕی رەقە زەحمەت دەبێت، بەڵام هاوپەیمانان پلانێکی تۆکمەی بۆ دادەڕێژن. پاشانیش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵدەدەن چەکدارانی هێزە عەرەبییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی رەقە رێکبخەن".

برێت ماکگۆرک ئاماژە بەوەش دەكات، ژمارەی چەکدارانی داعش لە لیبیا سنووردارە و زۆربەشیان خەڵکی وڵاتانی باکووری ئەفریقیان. دەربارەی شەڕی فەللوجە، مەکگۆرک دەڵێت داعش لە فەللوجە تاوانی گەورەی ئەنجامداوە و رێگەش نادات خەڵکی مەدەنی شارۆچكەكە بەجێبێڵن. راشیگەیاند بەرپرسانی عێراق و کەسایەتییە ئایینییەکان جەخت لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی دەکەنەوە.
Top