لە تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ 12 كەس كوژران و 36ی دیكەش بریندارن
تەقینەوەکە پاسێکی پۆلیسی کردە ئامانج و لەئەنجامدا 12 كەس کوژراو و 36ی دیكەش بریندار بوون. زۆرینەی قوربانییەكانیش پۆلیسن.
لەگەڵ ئەو تەقینەوەیەش پۆلیسی ئیستەنبوڵ لە تەواوی ئەو شارە کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی و رێوشوێنە ئەمنییەكان تووندتر کران.
فورکان مەتە، دانیشتووی ئیستەنبوڵە و شایەتحاڵی تەقینەوەكە بووە دەڵێت "بریندارێکی زۆرم بینی لەوێ کەوتبوون. لەكاتی رەتبوونی پاسی پۆلیس تەقینەوەکە روویدا و لە من زۆر نزیک بوو، لەگەڵ تەقینەوەکە وردە جام و شووشەیەکی زۆر بەسەر مندا بەربوویەوە. لە کاتی تەقینەوەکە دا من هیچم نەبینی تەنها لە ترسان هاوارم بۆ خودا برد".
تەقینەوەکە زیانی ماددی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش ئەو باڵەخانە و هۆتێل و دوکانانەی لەو شوێنەوە نزیکبوون.
لەگەڵ دەنگ و پاڵەپەستۆی تەقینەوەکەش بەهۆی شکانی جام و شوشەی باڵەخانەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوت و هەندێکیشیان لە گەشتیاران بەسووکی برینداربوون.
پۆلیسی ئیستەنبوڵ بۆ بەدواداچوون بۆ رووداوەکە سەرجەم ئەو رێگایانەی داخست کە بۆ شوێنی تەقینەوەکە دێن و بەدوای سەرداوی چۆنێتی رووداوەکەوەن.
یاڤوز گەلینئۆغلۆ، شایەتحاڵ دەڵێت "کە تەقینەوەکە بوو هاتمە دەرەوە لە دوکانەکەم کەسێکی بریندارم بینی داوای یارمەتی دەکرد، منیش هێنام لەبن ئەو دیوارە دامنا و تەلەفۆنم بۆ ئەمبوڵانس کرد، توزێک چوومە ئەولاتر پیاوێک کەوتبوو بوسەختی بریندار بوو، بە رووسی-یش قسەی دەکرد و ئافرەتێک لە تەکیەوە دانیشتبوو و دڵنەوایی دەکرد".
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نەخۆشخانەکانی هەسەکی و سەماتیەی شاری ئیستەنبوڵ سەردانی بریندارانی کرد و بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد.
دادگای باڵای تورکیاش بڕیاری قەدەخەکردنی بڵاوکراوەی بینراو، بیستراو و خوێندراوی دەرکرد سەبارەت بەو رووداوە بۆ کاتێکی نادیار.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەش هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ رانەگەیاندووە.