13 ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران لە حەلەب کوژران
هەواڵدەریی فارس لەم بارەوە لەزاری "حوسێنعەلی رەزایی" بەرپرسی پەیوەندییەکانی سوپای مازندەرانەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی دوێنێ لە دەوروبەری حەلەب لە سووریا 13 ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و 21 کەسی دیکەش کوژران.
ئەم ئامارە لە حاڵێک دایە کە ماڵپەڕی جامجەم لە هەواڵیکدا بڵاوی کردووەتەوە کە رێژەی کورژراوەکانی سوپای پاسداران زۆر لەوە زیاترە و بەرپرسانی سوپا نایانهەوێ ئاماری رستەقینە بڵاو بکەنەوە.
هاوکات ماڵپەڕی فەردانیوز رێژەی کوژراوەکانی سوپای پاسدارانی نزیکەی 80 کەس لە قەڵەم داوە.
بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان بەشێکی زۆر لە کوژراوەکان سەر بە "بەتالیۆنی فاتمیوون"ی سوپای پاسداران بوون کەلە ئەفغانییەکانی نیشتەجێی ئێران پێکهاتوون و بە پارە بۆ کۆماری ئیسلامی لە سووریا شەڕ دەکەن.
بەپێی ئامار و داتاکان لە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ شەڕی ناوخۆیی لە سووریا بە سەدان ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا کوژران و زیاترین رێژەی کوژراوەکان لە ساڵی 2016دا بووە، بەڵام ئێران حاشا لە بوونی هێزی سەربازیی خۆی لە سووریا دەکات و بەناوی راوێژکاری سەربازی و پارێزەرانی حەرەم (شوێنە پیرۆزە ئایینیەکان) لە قەڵەمیان دەدات.
باسنيوز