كارتەر: پێویستە پەلە بكرێت بۆ ئازادکردنى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش بەتایبەتی شاری موسڵ

كارتەر: پێویستە پەلە بكرێت بۆ ئازادکردنى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش بەتایبەتی شاری موسڵ
وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت، دڵنیایە لەوەی وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە عێراق و سوریا، زیاتر پاڵپشتی لەشکری بۆ شەڕەکە دابین‌دەکەن.
ڕۆژى چوارشەممە ٤ى ئایارى ٢٠١٦ لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری ١١ وڵاتی هاوپەیمانێتیـیەکە لە بارەگای فەرماندەیەتی هێزەکانی ئەمەریکا- ئەوروپا لە شتوتگارتی ئەڵمانیا.
ئاشتۆن کارتەر، وەزیرى بەرگرى ئەمریکا وتی "وڵاتانی هاوپەیمانێتیـیەکە لە گرنگی پـێشکەشکردنی پاڵپشـتی زیاتر بۆ شەڕەکە دەزانن و دڵنیایە لە کۆبوونەوەکەدا هاوکاری زیاتری لەشکری دەخەنە ڕوو".
دواتریش کارتەر لە کۆنفرانسێکى هەواڵیدا وتیشى "هاوپەیمانێتیـیەکە سەرکەوتن تۆماردەکات، بەڵام لەسەر هەموو لایەکە کاری زیاتر ئەنجام بدات".
ناوبراو ئەوەشى وت "هێشـتا شەڕەکە تەواو نەبووە و مەترسی لە ئارادایە".
جەختی لەوەش کرد کە گرنگە بەردەوامبین لە پاڵپشتی هێزە خۆجێـیەکان تاوەکو پەلە بکرێت لە کۆتایهێنان ئازادکردنى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش لەوانە هەردوو شاری ڕەققە و موسڵ.
پاشان پـێشنیاری کرد لە هاوینی ئەمساڵدا کۆبوونەوەیەکی دیکەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتیـیەکە لە واشنتن سـازبکرێت.
جێی ئاماژەیە ئەم داوایانەی ئاشتۆن کارتەر پاش هەفتەیەک دێت لەوەی سەرۆک ئۆباما داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد خەرجیـیەکانیان بۆ بەرگری زیاتربکەن.
Top