سوپاى ئه‌مه‌ریكا: ژماریه‌ك هاووڵاتیى سیڤیل له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كاندا له‌ عێراق و سوریا كوژراون

سوپاى ئه‌مه‌ریكا: ژماریه‌ك هاووڵاتیى سیڤیل له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كاندا له‌ عێراق و سوریا كوژراون
سوپاى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ سه‌ر تیرۆریستانى داعش له‌ عێراق و سوریا، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیى سیڤیل كوژراون . ئاشكراشى كرد كه‌ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ له‌ هێرشه‌كاندا له‌ ماوه‌ى نێوان دوازده‌ى نیستان تا چوارى ته‌مووزى ساڵى رابردوو كوژراون . ئه‌مه‌ش بۆ جارى سێیه‌مه‌ كه‌ فه‌رمانده‌یى ناوه‌ندیى سوپاى ئه‌مه‌ریكا كوژرانى هاووڵاتییانى سیڤیل له‌ عێراق و سوریا راده‌گه‌یه‌نێت .

به‌ پێى زانیارییه‌كانى راپۆرتێك، له‌ چوارده‌ى ته‌مووزى ساڵى رابردوو هه‌شت هاووڵاتیى سیڤیل له‌ نزیك شارى ره‌قه‌ى سوریا كه‌ له‌ بن ده‌ستى داعشه‌، له‌ هێرشێكى ئاسمانیى ئه‌مه‌ریكادا كوژراون كه‌ به‌ گوته‌ى سوپاى ئه‌مه‌ریكا هێرشه‌كه‌ به‌ ئامانجى لێدانى تیرۆریستێكى گه‌وره‌ى داعش بووه‌ ، هاوكات سوپاى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سێ هاووڵاتیى سیڤیل له‌و هێرشه‌دا كوژراون .

هه‌روه‌ها له‌ هێرشێكى دیكه‌ى ئاسمانیدا له‌ یازده‌ى حوزه‌یرانى ساڵى رابردوو بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ى سلوك له‌ سوریا سێ كه‌سى سیڤیل كوژراون و له‌ دوازده‌ى مانگى نیسانى ساڵى رابردوو له‌ عێراقیش دوو كه‌سى سیڤیل له‌ نزیك حه‌ویجه‌ كوژراون .

جێى باسه‌ به‌ پێى به‌یاننامه‌كانى سوپاى ئه‌مه‌ریكا، تا سێزده‌ى ئه‌م مانگه‌، هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى نۆهه‌زار و شه‌شسه‌د و بیست و حه‌وت هێرشى ئاسمانى بۆ سه‌ر داعش ئه‌نجام داوه‌ كه‌ شه‌ش هه‌زار و سێسه‌د و نه‌وه‌د و سێ هێرش له‌ عێراق و سێهه‌زار و دووسه‌د و سیى و چوار هێرشیش له‌ سوریا ئه‌نجام دراون .
Top