ئێران 10 سەربازە ئەمریکییەکەی ئازادکرد

 ئێران 10 سەربازە ئەمریکییەکەی ئازادکرد

10 سەربازی ئەمریکییەکە کە رۆژی 12/1/2016 بەهۆی ئەوەی سنووری ئاویی ئێرانیان بڕیبوو، لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکران، ئەمڕۆش دوای ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا بەفەرمی داوای لێبوردنی لە تاران کرد، ئێران سەربازەکانی ئازادکرد.

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا بەفەرمی داوای لێبووردنی لە ئێران کرد، دوای ئەوەی 10 سەربازی ئەمریكیمان دەستگیرکرن". سوپای دەریایی ئێران لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کردووە و رایگەیاندووە "بەهۆی ئەوەی لە ئامێرەکانی ئاڕاستەزانینی بەلەمەکانی سەربازە ئەمریکییەکان کێشەی تەکنیکی هەبووە، ئەوان رێگایان لێ تێکچووە و هاتوونەتە نێو ئاوی ئێران".

بەیانی رۆژی چوارشەممە ئێران داوای لە واشنتن کرد داوای لیبوردن بکات بەهۆی ئەوەی سنووری ئاوی ئێرانیان بەزاندووە، لەکاتێکدا ئەوان 10 سەربازەکەیان دەستگیرکردوون.

ئەدمیرال عەلی فەدەوی، سەرۆکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە تەلەڤزیۆنی نیشتمانی ئێرانەوە رایگەیاند " فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکی بۆماوەی 40 خوولەک بەشێوەیەکی ناپرۆفیشناڵ لە کەنداوەوە سووڕاوەتەوە، دوای ئەوەی سەربازەکان لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراون".

ئەمانە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو سەربازە ئەمریکییانە.

پیتەر کۆک، گوتەبێژی پنتاگۆن شەوی سێشەممە 12-1-2016 بەكاتی ئەمریكا رایگەیاند، حكومەتی ئێران دەستی بەسەر دوو یەختی سەربازی ئەمریكی لە "کەنداو"دا گرتوون. پیتەر کۆک گوتیشی، لەلایەن بەرپرسانی ئێران دڵنیاکراونەتەوە، لەکاتێکی نزیکدا سەربازەکان و یەختەکان بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەگەڕێندرێنەوە.

















رووداو



Top