پوتین: نامانەوێ کۆتایی سوریا وەک عێراق بێت

پوتین: نامانەوێ کۆتایی سوریا وەک عێراق بێت
سەرۆک کۆماری رووسیای فیدراڵ رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی رێگا نادات ئایندەی سوریا وەک عێراق و لیبیای لێبێت و پێیوایە هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران کارێکی ”هەڵەبوو“.



ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی رایگەیاندووە، کە لە رووداوە تیرۆریستییەکەی 11ـی ئەیلوولی ئەمریکاوە تا دەگاتە هێرش و تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ساڵی رابردوو لە پاریس، رووسیا ”هەردەم پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوای کردووە لە دژی تیرۆر“.



دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسی لەلایەن سوپای تورکیاوە، تورکیا داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ـی کرد، و سەرۆکی رووسیاش پێیوایە نابێ ناتۆ پشتگیریی لە تورکیا بکات، چونکە ”تورکیا پەلامار نەدراوە، ئەو پەلاماری ئێمەی داوە و باشترە داوای لێبووردن بکات“.



ڤلادیمێر پوتین باسی هێرشە ئاسمانییەکانی ولاتەکەی دەکات لە سوریا، کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتباری دەکەن، کە بارەگاکانی نەیارانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سوریا دەکاتە ئامانج نەک رێکخراوی توندڕەوی داعش و بەپێکەنینەوە دەڵێت، ”هەمووی درۆیە“.



سەرۆک رووسیا ئاماژەی بە رووخاندنی رژێمی پێشووی وڵاتانی عێراق و لیبیا کردووە و رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی نایەوێ ”کۆتایی سوریا وەک عێراق و لیبیا بێت“، پوتین هەروەها بە رۆژنامەنووسە ئەڵمانییەکە دەڵێت، ”دەبێ لە سوریا، دەسەڵات بۆ کەسانی شەرعی بگەڕێتەوە“، وەک ئاماژەیەک بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێم و پێشیوایە سوپای رژێمی سوریا ”چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان“ دەکاتە ئامانج، ئەگەر خەڵکی سڤیلیش بەربکەون، ”ئەوا خەتای ئەسەد نییە“.



دوای لە سێدارەدانی شێخ نمر باقر ئەلنمر، مەرجەعی شیعەکانی سعودیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە ئاڵۆزیی زیاتریان تێکەوت و ڤلادیمێر پوتینیش پێیوایە لەسێدارەدانی شێخ نمر ”هەڵەبوو“، وەکچۆن هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیەش لە تاران ”هەڵەبوو“ و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشانداوە بۆ نێوەندگیری کردن لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.










باسنیوز
Top