ئۆباما: لە پاڵ هەموو ئەو خەڵکەدا دەوەستین کە بوونەتە ئامانجی تیرۆریزم

ئۆباما: لە پاڵ هەموو ئەو خەڵکەدا دەوەستین کە بوونەتە ئامانجی تیرۆریزم
شه‌وی سێشەممە ١٢ى کانونى دووەمى ٢٠١٦، باراک ئۆباما دواین وتاری سـاڵانه‌ی خۆی وەک سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا پیشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە پاڵ هەموو ئەو خەڵکەدا دەوەستێت کە بوونە ئامانجی تیرۆریزم، هەر لە خوێندنگەکانی پاکستانەوە هەتا جادەکانی پاریس.
ئۆبا وتی "١٥‌سـاڵی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ تێپه‌ڕبوو که‌ به‌‌ تێرۆرێـک ده‌ستیپێـکرد گه‌یشته‌ که‌ناره‌کانی وڵاته‌که‌مان و نه‌وه‌یه‌کی نوێـمان که‌وته‌ دوو شه‌ڕی درێژخایه‌نی زۆر تێچوو و، له‌ میانه‌یه‌دا ئابوری له‌ سه‌رانسه‌ری وڵات و جیهاندا لاواز و سست بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ و ئه‌وه‌تا ئابوری ئه‌مه‌ریکا جارێکی دیکه‌ گه‌شه‌ ده‌کاته‌وه‌ و هه‌لی کاری نوێ بە خێرایی دورستده‌بن که‌ له‌وه‌تای سـاڵی ١٩٩٩ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەشکرد "ڕێژەی بێکاری بۆ ئاستێک دابەزیوە کە کەمترە لەوەی پێش دروسـتبوونی قەیرانی ئابوری و هەروەها ژمارەیەکی زیاتر خوێندکار خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و خەڵکێـکی زیاتر بیمەی تەندروستیـیان بەدەستهێناوە".
سەبارەت بە گرنگیدان بابەتەکانی پەیوەست بە منداڵان و ژنان، ئۆباما وتیشی "نابێت وەکو بابەتی لاوەکی چاویان لێبکەین، بەڵکو دەبێت لە پـێشەوەی کارەکانمان بن، لە بەرنامەماندایە ساڵانە سێ هەزار دۆلار بۆ هەر منداڵێـک لە باجی سەرشانی هەر خێزانێک کەم بکەینەوە.
جەختی لەوەش کردەوە "کە دەبێت ژن بە هاوشێوەی پـیاو موچەی بدرێتێ و جیاوازی نەکرێت".
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ئەمشەو بۆ یەکەمجار لە پاش ١١ی سێپتەمبەرەوە ئەرکی شەڕمان لە ئەفغانسـتان بە کۆتایی هات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە شەش سـاڵ لەمەوبەر نزیکەی ١٨٠ هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق و ئەفغانسـتان خزمەتیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کەمتر لە ١٥ هەزار سەربازی ئەمەریکایی لەوێ هەن.
هەروەها وتیشی "پـرسیارەکە ئەوە نیـیە ئایا ئەمەریکا ڕابەرایەتی جیهان دەکات یان نا، بەڵکو ئەوەیە چۆن ڕابەرایەتی دەکات". ڕەخنەی لە بڕیارەکانی ڕابردوو وڵاتەکە گرت و ڕاشیگەیاند "جاران یەکەم کاردانەوەمان ناردنی هێزی لەشکری بووە و ستراتیژیـیەتێـکی فراوانترمان پشـتگوێ خستبوو، کاری ژیرانە ئەوەیە دیپـلۆماسیـیەتی بەهێز لە پاڵ کاری لەشکری بگیرتەبەر".
ئۆباما ئەوەشى وت "ئەمەریکا لە پاڵ هەموو ئەو خەڵکە لە جیهاندا دەوەستێت کە بوونە ئامانجی تێرۆرزم، هەر لە خوێندنگەکانی پاکستانەوە هەتا جادەکانی پاریس".
وتیشی "بەردەوام دەبین لە ڕاوەدونانی تێرۆرسـتان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان و هەروەها لەناوبردنی ئەو تێرۆرسـتانەی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی".
ناوبراو ئەوەشى وت "لە بری ناردنی هێزی لەشکری بۆ دەرەوە، هەستاین بە یارمەتیدانی وڵاتان هەر لە باشوری ئاسیاوە هەتا باکوری ئەفریکا بۆ نەهێشتنی شوێنی پارێزراو بۆ تێرۆرستان.
ئۆباما لە درێژەى وتارەکەیدا وتیشى "ئەمەریکا لە عێراق و سوریا پشـڕەوی داعشی ڕاگرت، لە بری ئەوەی بۆ شەڕێـکی دیکەی زەمینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابکێشرێن، ئەوەتا ئەمەریکا ڕێبەرایەتی هاوپەیمانێتیـیەکی فراوان دەکات کە وڵاتانی عەرەبیشی تێدایە بۆ لاوازکردن و پاشان لەناوبردنی ئەم گروپە تێرۆرستیـیە".
هەروەها ئەوەشى وت "پشـتیوانی لە ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو لە سووریا دەکەین کە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لەم ئەرکەدا".
دواتریش وتی "لە هەموو شوێنێکى جیهاندا یارمەتی دەدەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی، ئەم کارە کاتی دەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر سەرکەوتوو دەبین".
ئۆباما دواجار، لە کۆنگرێسى وڵاتەکەى کرد کە بڕیارێک پەسەند بکات کە ڕێگە بەبەکارهێنانى هێز لە لە دژی داعش بدات، بۆ ئەوەی بۆ جیهانی نیشان بدەین کە ئێمە لەم ئەرکە یەکگرتوو و یەک دەنگین."




سەرچاوەكان
Top