ئێران ١٠ دەریاوانی ئەمەریکی دەستگیرکرد

ئێران ١٠ دەریاوانی ئەمەریکی دەستگیرکرد
ئێران ١٠ دەریاوانی ئەمەریکیی لە ئاوەکانی دوورگەی فارس لە کەنداو دەستگیرکردووە

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی دوو بەلەمی بچوکی هەڵگری سوتەمەنی چوونەتە سنوورە ئاوییەکانی ئێرانەوە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەلەمەکان تووشی کێشەی تەکنیکی بوون و لە ئاکامدا براون بۆ دوورگەی فارس لە کەنداو.

پیتەر کووک وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە تاران پێی وتوون هەردوو بەلەم و سەرنشینەکانی بە سەلامەتی دەگەڕێننەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەری هەیە سەرجەم دەریاوانەکان کە لە نۆ پیاو و یەک ژن پێکهاتوون ئەمڕۆ ئازاد بکرێن.

بەپێی زانیارییەکانیش، دوای ڕووداوەکە جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەستبەجێ پەیوەندی بە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە لەبارەی ڕووداوەکەوە.

هاوکات میدیاکانی ئێران لە بارەیەوە ڕایانگەیاندووە، دەریاوانەکان لە ئاوەکانی ئەو وڵاتەدا بەدوای زانیاریدا گەڕاون.

لەماوەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران بە توندی پارێزگاریی لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەی کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا ١٥ دەریاوانی بەریتانی بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ دەستگیرکرد.
Top