باخچه‌لی لە بارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی توركیا چی دەڵێ

باخچه‌لی لە بارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی توركیا چی دەڵێ
ده‌وله‌ت باخچه‌لی، بۆجارێكی دی هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر ئاكپارتی و، به‌هۆكاری ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ناو برد كه‌ له‌توركیا دا روو ده‌ده‌ن.

سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا (دەوڵەت باخچەلی)، لە نووسینێکی کە لە تویتەر بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، ئیدانەی خۆکوژییەکەی ئەمڕۆی سوڵتان ئەحمەدی کرد لە ئیستەنبۆڵ کە گروپی تیرۆریستی داعش ئەنجامی دابوو و ئاماژەی دا کە پێویستە تورکیا زۆر بە توندی وەڵامیان بداتەوە.

باخچەلی دەڵێت: "زانیمان کە تەقینەوەکەی ئەمڕۆ گروپی تیرۆرستی داعش ئەنجامی داوە، ئیدی کاتی هاتووە کە بە توندی وەڵامیان بدەینەوە و، ژوورە نهێنییەکانیان لە تورکیا ئاشکرا بکەین و ماڵ بە ماڵ بیاندۆزینەوە و بیاندەینە دادگە. ئەوان دوژمنی تورکیان ناکرێت بێدەنگ بین لە ئاستیان".

باخچەلی لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەی دا باسی لەوەیش کرد، کە تورکیا لە مێژووی خۆیدا یەکەمجارە کە رووبەری توندترین تیرۆر دەبێتەوە و، پێویستە هەڵوەستەی جیددی لەسەر بکرێت.

باخچەلی، رەخنەی لە حکوومەتی تورکیا گرت بەوەی لە رووی ئاشاییشەوە زۆر کەمتەرخەمن و لاوازییان پێوە دیارە. ئەو هێرشی کردە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان و پێی وابوو کە داعش و پەکەکە سڵ ناکەنەوە لە کوشتنی هاووڵاتی تورکیا.

ئەو هەروەکو چۆن پێشتریش دژی پرسی چارەسەری بووە لە تورکیا، بۆیە ئێستایش لەم نووسینەیدا رەخنەی لە ئاکپارتی گرتووە بەوەی تورکیا هەموو لایەکی بە تیرۆرەوە گیراوە و، ئەو تیرۆرستانەیش بە چەکی قورس و بۆمبەوە بە رووی تورکیادا دەتەقێنەوە، کە ئەمەیش بەرهەمی پرسی چارەسەری بوو کە ئاکپارتی لەگەڵ پەکەکەدا ئەنجامی دا. 78 ملیۆن هاووڵاتی تورکیا لە ژێر هەڕەشەی تیرۆرە لە سایەی ئاکپارتییەوە.
Top