پۆتین: رووسیا دەتوانێ‌ داڵدەی بەشار ئەسەد بدات

 پۆتین: رووسیا دەتوانێ‌ داڵدەی بەشار ئەسەد بدات
"ڤێلادیمیر پۆتین" سەركۆماری رووسیا لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە: "ولاتەكەی دەتوانێ‌ داڵدە و مافی پەنابەرێتی بە بەشار ئەسەد سەرۆكی حكوومەتی سووریا بدات."



پۆتین لە لێدوانەی بۆ رۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی داوە كە ئەمڕۆ سێشەممە 12 ـ 1 ـ 2016 چاپ و بڵاو كراوەتەوە.



لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا پۆتین ئاماژەی بەوەش داوە "بێگومان داڵدەدانی بەشار ئەسەد لەلای ئێمە زۆر ئاسانە، چونكە لە پەنادانی "ئیدوارد ئەسنودن" ئەستەمتر نییە كە پێشتر دروومانە."


هاوكات جەختیشی كردووەتەوە كە هێشتا زۆر زووە لەم بارەوە بڕیاری كۆتایی بدرێت.



ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی كۆتایی ساڵی 2015 نەخشەرێگای چارەسەریی پرسی داهاتووی سووریای پەسەند كرد كە تێیدا باس لەوە دەكات هەموو لایەنەكانی ئەو وڵاتە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی كاتی رێك بكەون.


ئەمەریكا، بەریتانا، فەرەنسا و وڵاتانی دیكەی ئەورووپی و توركیا و سعوودیە لەو باوەڕە دان بە دەست لەكاركێشانەوەی بەشار ئەسەد و نەبوونی رۆڵی لە داهاتووی سووریا، كێشەكانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبن.



لە بەرانەبردا رووسیا و ئێران وەك دوو هاوپەیمانی سەرەكی و پاڵپشتی حكوومەتی بەشار ئەسەد، خوازیاری مانەوەی ئەو حكوومەتەن.












باسیوز
Top