پاکستان: رێگا بە تێکدانی ئاسایشی و ئارامیی سعودیە نادەین

 پاکستان: رێگا بە تێکدانی ئاسایشی و ئارامیی سعودیە نادەین
فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی رێگا بەهیچ لایەن و دەوڵەتێک نادات، کە ئاسایش و ئارامیی سعودیە تێک بدات.



فەریق روکن راحیل شەریف، فەرماندەی سوپای پاکستان لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی جێنشینی سعودیە، کە بە سەردانێک چووبووە پاکستان، رایگەیاندووە، ”ئەوەی بیر لە دەستدرێژیکردنە سەر سعودیە بکاتەوە، دەبێ حیساب بۆ وەڵامی توندی پاکستان بکات“.



فەریق روکن راحیل شەریف ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وەڵامی پاکستان بۆ ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر سعودیە ”سەرسامکەر“ دەبێت و پاکستان بە سوپا و گەلەوە، ”رێگا بە هیچ لایەنێک نادات ئاسایش و ئارامیی سعودیە بشێوێنن“.



دوای لەسێدارەدانی شێخ نەمر باقر ئەلنەمر، مەرجەعی شیعەکانی سعودیە لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەوە، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە ناکۆکییان تێکەوت و چەند بەرپرسێکی هەردوولا هەڕەشەیان لە یەکتر کرد و باڵیۆزخانەی خۆیان کشاندەوە بۆ وڵاتەکانیان.



پاکستان وڵاتێکی ئیسلامیی سوننییە و خاوەن چەکی ناوەکییە، بەردەوام لە هەموو رووداوەکاندا، پاڵپشتیی سعودیە دەکات، کە وڵاتی دوو پیرۆزییەکانی موسڵمانانە (مەککە و شاری پێغەمبەری ئیسلام).







باسنیوز
Top