کۆریای باشوور کارکردن بە بڵندگۆی پروپاگەندە دژ بە باکوور دەستپێدەکاتەوە

کۆریای باشوور کارکردن بە بڵندگۆی پروپاگەندە دژ بە باکوور دەستپێدەکاتەوە
کۆریای باشوور دەستیکردەوە بە کارکردن بەو بڵندگۆیانەی کە پێشتر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ کۆریای باکوور داینابوو، ئەو کارەش وەک کاردانەوەیەک ناودەبات لەبەرامبەر تاقیکردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینی لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

هەردوو کۆریای باشوور و باکوور لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا رێککەوتنێکیان واژۆکرد، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، کۆریای باشوور دەبێت پروپاگەندەی بڵندگۆکانی سەر سنوور دژ بە کۆریای باکوور بووەستێنێت، لەبەرامبەریشدا کۆریای باکوور هەڕەشەکانی بۆ کۆریای باشوور و تاقیکردنەوە سەربازییەکان کۆتای پێبێنێت.

رۆژی چوارشەممە ٦/١/٢٠١٦ ئەم رێککەوتنە هەڵوەشایەوە، دوای ئەوەی کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی بۆمبی هایدرۆجینی دەستپێکرد، کە بۆمبێکی مەترسیداری ئەتۆمییە.

رۆژێک دواتر، کۆریای باشوور رایگەیاند لەبەرامبەردا بڵندگۆکانی تایبەت بە پروپاگەندەی دژ بە دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور دادەنێتەوە. رۆژی هەینی ٨/١/٢٠١٦ کارکردنی بڵندگۆکان دەستیانپێکردەوە.












رووداو
Top