ئۆباما: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی داعش

 ئۆباما: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی داعش
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان.



بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە باسنیوز، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە بەهۆی ”سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی هێزە عێراقییەکان لە روومادی“.



باراک ئۆباما هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە، کە وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان و لە شەڕی دژی ئەو رێکخراوە.



سەرۆکی ئەمریکا پابەندیی وڵاتەکەشی بە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ برەودان بە ئابووریی عێراق، پاراستنی بەنداوی موسڵ لە داڕووخان و گرەنتیکردنی چاکردنەوەی لە کاتی پێویستدا دووپات کردووەتەوە.



داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و دواتریش پارێزگای ئەنباری داگیرکرد و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، توانیویەتی بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی باشوور لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رزگار بکاتەوە و لە کۆتایی مانگی رابردووش، هێزە عێراقییەکان توانییان شاری روومادیی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رزگار بکەنەوە.








باسنيوز
Top