کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی بۆمبێكی مەترسیداری راگەیاند

 کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی بۆمبێكی مەترسیداری راگەیاند
کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینی راگەیاند، کە یەکێکە لە بۆمبە ترسناکەکان و لەچوارچێوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا پەرەیپێدراوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش راستەوخۆ دوای راگەیاندنەکەی کۆریای باکوور، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەو بارەیەوە راگەیاند.

کۆریای باکوور لەڕێگەی تەلەڤزیۆنی فەرمییەوە رایگەیاندووە: " کۆماری کۆریای باکوور، وەک بەرپرسیاریێتی بەرنامە ئەتۆمییەکان، ئەم چەکە ئەتۆمییانە راستەوخۆ بەکارناهێنێت و ناشیان گوازێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی رووبەڕووی دۆخێکی هەڕەشەئامێز دەبێتەوە، ئەم بۆمبە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەکارنایەت، تەنها لەو کاتەدا نەبێت کە ئەمریکا بیەوێت سیاسەتێکی دووژمنکارانە بەرامبەر کۆریای باکوور بەکاربهێنێت".

لەبەرامبەر راگەیاندنی تاقیکردنەوەی ئەو بۆمبە ترسناکە، کە بووەتە بەشێکی دیکە بۆ دەوڵەمەندکردنی جبەخانەکانی کۆریای باکوور و زیاتربوونی هەڕەشەکانی بۆسەر وڵاتانی دراوسێی، یەکەمین کاردانەوە لەلایەن ژاپۆنەوە راگەیێندرا.

شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند" تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ ئاسایشی وڵاتی ئێمە و، ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت، ئێمە بەتووندی ئیدانەی ئەو کارە دەکەین، چونکە پێشێلکاری بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشە".

ئەنجوومەنی ئاسایش هەرزوو هەستی بە مەترسییەکە کرد و کۆبوونەوەی نائاسایی لەو بارەیەوە ئەنجامدەدات.

کۆریای باشوور لە هەموو وڵاتێکی دیکە زیاتر هەڕەشەی لەسەرە، بەتایبەت کە کێشەی زیاتر لە نیو سەدەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بێ چارەسەر ماوەتەوە و، بەردەوام کۆریای باکوور لە راگەیاندنكانەوە هەڕەشە لە کۆریای باشوور دەکات.

لیم سونگ نام، جێگری سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور باس لە تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکوور دەکات و دەڵێ "کۆریای باکوور باسی لەوە کردووە، کە بۆمبی هایدرۆجینی تاقیکردووەتەوە، ئەم پێشێلکارییەی کۆریای باکوور راستەوخۆ دژایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشە و، دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئاسایشی جیهاندا".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێیوایە دەبێت پێش هەر هەنگاوێک داتا زانستییەکان لەبارەی ئەو تاقیکردنەوەیە کۆبکرێنەوە و لە سەرکەوتووبوونی تاقیکردنەوەکە دڵیابن، پێشئەوەی هەر هەنگاوێک دژ بە کۆریای باکوور بنرێت.

دەستەی زەویناسیی ئەمریکا لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقاندنەی بۆمبەکە رایگەیاندووە "بوومەلەرزەیەک لە نزیک شوێنی تاقیکردنەوەی بۆمبە هایدرۆجینییەکەی کۆریای باکوور بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر روویداوە".

بۆمبی هایدرۆجینی، بۆمبێکی ئەتۆمی گازییە و دەتوانێت یۆرانیۆم و پلۆتینیۆم لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت، میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن ئەو بۆمبەی کۆریای باکوور تاقیکردووەتەوە، سەتان جار لەو بۆمبە ئەتۆمییە بەهێزترە، کە لە ساڵی 1945 ئەمریکا لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆنی دا.












رووداو
Top