ئەنجومەنی ئاسایش هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران ئیدانە دەكات

ئەنجومەنی ئاسایش هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران ئیدانە دەكات
ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لەتاران كە لە كاردانەوە بە لەسێدارەدانی مەلایەكی شیعە هاتبووە ئاراوە، ئیدانە كرد.



لە بەیاننامەیەكدا كە ئەنجومەنی ئاسایش لەم بارەوە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بە لەسێدارەدانی "شێخ نەمر" ناكات و داوای لە وڵاتی ئێران كردووە ناوەندە دیپلۆماتیكەكانی وڵاتانی بیانی بپارێزێت و رێزیان لێبگرێت.



پێشتریش "غوڵامعەلی خۆشڕوو" نوێنەری ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەیەكدا بۆ "بان كی مۆن" سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانە و كونسووڵگەریی سعوودیە لە تاران و مەشهەد نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و ئاشكرای كردووە كە سزای ئەنجامدەرانی ئەو كارە دەدرێت.



پاش ئەو رووداوە سعوودیە رۆژی یەكشەممە سعوودیە پەیوەندییە دیپلۆماتیكەكانی خۆی لەگەڵ ئێران پچڕاند، هاوكات وڵاتانی بەحرێن و سوودانیش پشتگیرییان لە هەڵوێستەكەی سعوودیە گرت و پەیوەندیی سیاسیی خۆیان لەگەڵ ئێران كۆتایی پێهێنا.


لە بەیاننامەكەی ئەنجەمەنی ئاسایشدا هاتووە: "ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانە و سكونسووڵگەریی سعوودیە لە تاران و مەشهەد ئیدانە دەكەن كە بووەتە هۆی هێرش و پێشَلكاریی ناوەندی دیلپۆماسی و كونسووڵگەری و زەرەر و زیانی پێگەیەنراوە.



هاوكات بە دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەو رووداوە داوای لە ئێران كردووە رێز لە بنەما دیپلۆماتیكەكان بگرێت و پابەندی بەلێننامە نێودەوڵەتییەكان بێت.



لە بەشێكی دیكەدا داوایان لە هەردوو لایەن كردووە بە پاراستنی دیالۆگ و هەڵگرتنی هەنگاوی جیدی بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ.



لەلایەكی دیكەشەوە گوتەبێژی كۆشكی سپیی ئەمریكا لەبارەی لەسێدارەدان لە سعوودیە نیگەرانیی دەربرشیوە و بەتایبەت لەسێدارەدانی مەلایەكی شیعە كە بووەتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەكە.



بڕیارە سبەی چوارشممە كۆمكاری عەرەبی لەبارەی پرسی پەیوەندیی نێوان سعوودیە و ئێران كە ماوەی چوار رۆژە توندتر بووەتەوە كۆ ببێتەوە.











باسنيوز
Top