ئەمریكا لەبارەی "شێخ نەمر"ـەوە، بەیاننامەیەك دەردەكات

ئەمریكا لەبارەی
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لەبارەی لەسێدارەدانەكانی ئەم دوایەی سعودییە، كە یەكێك لەوكەسانەی بڕیارەكەی بەسەردا جێبەجێكرا، كەسایەتییەكی ناسراوی مەزهەبی شیعەكان بوو، بەیاننامەیەكی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە سعودییە دەكات رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت.

جۆن كیربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند :" بینیمان كە حكومەتی سعودیە جێبەجێكردنی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر 47 كەسدا، راگەیاند".

ئەو وتەبێژە، ئاماژە بەوەش دەدات، كە پێشتر نیگەرانی خۆیان لە رێكارە یاساییەكانی عەرەبستانی سعودی خستووەتەڕوو، وتیشی :" چەندین جار مەترسییەكانی خۆمان لەوبارەیەوە راگەیاندووە، بۆیە جارێكی تریش بۆ حكومەتی سعودیە تەئكید ئەكەینەوە، كە پێویستە رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت و رێكارە دادوەرییەكان بەشێوەیەكی شەفاف و پاك لەهەموو كێشەكاندا، ئەنجام بدات".


هەروەها داواش لە حكومەتی سعودیە دەكات، کە رێگە بدات بە دەربڕینی بۆچوونی ئۆپۆزسیۆنانە و لەگەڵ سەرجەم سەركردەكانی كۆمەڵگادا كار بکات بۆ كوژاندنەوەی گڕی فیتنەگەری، كە لەدوای جێبەجێكردنی ئەو حوكمانە دروست بوون.

جەختیشدەكەنەوە، كە زۆر نیگەرانن لەوەی ملپەڕاندنی شێخ نەمر ئەلنەمر، كەسایەتی ئاینیی شیعەكان و چالاكوانی سیاسی، رەنگە ببێتە هۆكار بۆ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی تایفەگەری، لەكاتێكدا كە پێویستە ئەو ناكۆكییانە سووك بكرێنەوە.
Top