ویکیلیکس بۆچوونی شێخ نمر لەبارەی کورد، ئێران و ئەمریکاوە بڵاودەکاتەوە

ویکیلیکس بۆچوونی شێخ نمر لەبارەی کورد، ئێران و ئەمریکاوە بڵاودەکاتەوە
ئەو زانا شیعەیەی دوێنێ شەممە 2 ی کانوونی دووەمی‌2016، لە سعودیە لەسێدارەدرا و دواتر کۆمەڵێک خۆپیشاندانی بەرچاوی شیعەکانی لە سەرانسەری جیهان بەدوای خۆیدا هێنا، حەوت ساڵ لەمەوبەر بیروڕاکانی سەبارەت بە کورد و هەرێمی کوردستان ، حکومەتی ئێران ، گەلی ئەمریکا و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە و بەکارهێنانی توندوتیژیی بۆ چەند دیبلۆماتکارێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە ریازی پایتەختی شانشینی سعودیە خستووەتەڕوو.

وتەکانی ناوبراو، لە راپۆرتێکی نهێنیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعودیەدا ئاڕاستەی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان (CIA) کراوە و ماڵپەری دژە نهێنی ویکیلیکس راپۆرتەکەی بڵاوکردۆتەوە.

راپۆرتەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، 10 رۆژ دوای کۆبوونەوەکەی دیبلۆماتکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و شێخ نمر باقر ئەلنمر لە 13ی ئابی 2008 لە ریاز نوسراوە و ئاراستەی دەزگای هەواڵگری و وەزاەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە.

لە 13ی ئابی 2008دا، شێخ نمر باقر ئەلنمر لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیە کۆبوویەوە، کە تیایدا بە وردی بیروڕای خۆی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئێران، گەلی ئەمریکا، بەکارهێنانی توندوتیژی و گەلی کورد خستەڕوو.

"کورد، زۆرینەیەکی رەتنەکراوەی ناوچەکەیە"
لەمبارەیەوە، سیاسەتی عیراقی وەک نموونە هێنایەوە و بە تووندی رەخنەی لێگرت، ئاماژەی کرد بەوەی، کە بە هیچ جۆرێک پشتیوانی لە ئاواتی هیچ عەرەبێکی عیراقی (شیعە بێت یاخود سوننە) یان تورکمان-ێک ناکات، کە بەهیوابێت لە باکووری عیراقدا دەسەڵاتی بەسەر کوردانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەپێی وتەکانی ناوبراو "کورد زۆرینەیەکی رەتنەکراوەی ناوچەکە پێکدەهێنێت، بە هەموو جۆرێک نادادپەروەرانە دەبێت ئەگەر رێگەیان پێنەدرێت دەسەڵاتی خۆیان پەیڕەوبکەن".

ئێران بەپێی بەرژەوەندی هەڵسوکەوت دەکات، نەک لەخواترسان (تەقوا)
لە 26ی تەموزی 2008 دا، شێخ نمر ئەلنمر نامەیەک بۆ ماڵپەڕی (ئیسلام ئۆنلاین) دەنێرێت و تیایدا ستایشی گەل و حکومەتی ئێران دەکات بۆ لەخواترسانیان، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی 13ی ئابدا، خۆی لەم لێدوانانەی دوور دەخاتەوە و ئاماژە دەکات بەوەی، کە لە خواترسان تەنها بۆ خودایە و هەموو گەلێک بەپێی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی مامەڵە دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، شێخ نمر بۆ چەند جارێک ئەم رستەیەی دووبارە کردەوە و ئاماژەی کرد بەوەی، کە تێڕوانینی بنچینەیی ناوبراو بۆ هێزە بیانییەکان (ئێران-یش دەگرێتەوە) ئەوەیە، کە بەپێی بەرژەوەندی مامەڵە دەکەن، نەک لەخواترسان یان هاومەزهەبیی ئاینی، تەئکیدیشی کردەوە لەوەی ناوبراو دژی ئەو بیرۆکەیە بووە، کە پێویستە شیعەکانی سعودیە لەسەر بنەمای هاومەزهەبیی ئاینی، چاوەڕوانی پشتیوانیی ئێران بکەن.
دوای‌ له‌سێداره‌دانی‌ شێخ نمر ئه‌لنمر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌وه‌، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کە دەستی تۆڵەی خودا بە زووترین کات بەرۆکی دەسەڵاتدارانی سعودیە دەگرێت و پێویستە بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیچ گومانێکیان نەبێت لەوەی کە خوێنی شێخ نمر لەناویاندەبات.
داوای لە جیهانی ئیسلامی و هەموو جیهان-یش کرد، کە لە بەرامبەر لەسێدارەدانی ناوبراودا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.

دژی توندوتیژییە
لە راپۆرتەکەی ویکیلیکسدا هاتووە، کە لە کۆبوونەوەکەی 13ی ئابی 2008دا، شێخ نمر ئەلنمر خۆی لە پشتیوانیکردنی توندوتیژی دووردەخاتەوە و پێچەوانەی هەڵوێستەکانی رابردووی، بەشێوازێکی نەرمتر مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران، شیعەکانی سعودیە و سیاسەتەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵی شیکردنەوەی ئەوە دەدات، کە لە دیدی دەرەوەدا، زیاتر لە ناوەڕۆکی وتە و بیروباوەڕەکانی، وەک توندڕەوێک ناسێندراوە، لە قسەکانیدا پشتیوانیی خۆی بۆ سیاسەتی بڕیاردانی دادپەروەرانە دەردەبڕێت.

پاش ئەوەی لەلایەن بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پرسیاری سەبارەت بەوە لێکرا، کە ئایا لێدوانە توندەکانی بوونەتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی یاخود تەنها وەک ئەگەری روودان و کاردانەوە، لەکاتی بەردەوامبوونی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی شیعەدا هۆشداریی لەبارەیانەوە داوە؟ شێخ نمر وتی : " ئەگەر ناکۆکی یاخود بارگرژییەک رووبدات، ئەوا من لە بەرەی گەلدا دەبم و هیچ کاتێک ناچمە لای دەسەڵاتداران".

ناوبراو وتیشی : " کاتێک دەڵێم هەمیشە لەبەرەی گەل و خەڵدا دەبم مانای ئەوە نییە، کە بەردەوام پشتیوانیی هەموو کارەکانی خەڵک دەکەم، بۆ نموونە : توندوتیژی".

"سەرەتا شیعەم پاشان مسوڵمان-م"
شێخ نمر سەبارەت بە بیروڕای ئاینیی خۆی، دەڵێت: " من سەرەتا شیعەم، دواتر مسوڵمانم، پاشانیش لە ئەهلی بەیتم (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، کە ناوبراو لە نەوەی دوایین پەیامبەر محەمەد د.خ-ە)، لە کۆتاییشدا تاکێکم لە مرۆڤایەتی". پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم، لایەنی سیاسیی بۆ هاوکێشەکە زیاد کرد و وتی : " لە رووی سیاسیشەوە، لە بەرەی دادپەروەری-دام، ئەم بەرەیەش هەر شوێنێکبێت یان هەر کەسێکی تێدا بێت گرنگ نییە".

"هاوسۆزییەکی زۆرم بۆ گەلی ئەمریکا هەیە"
بەپێی راپۆرتەکە، شێخ نمر ئەلنمر لە کۆبوونەوەکەدا، پێچەوانەی دوایین وتارەکانی خۆی لەبارەی ئەمریکاوە رایدەگەیەنێت، کە سۆزێکی زۆری بۆ گەلی ئەمریکا هەیە و ئەگەر مامەڵەی نەتەوەکانی دیکەی وەک بەریتانیا، کۆڵۆنییەکانی ئەوروپا و یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ ئیمریالیزمی ئەمریکادا بەراورد بکرێت، ئەوا دەردەکەوێت، کە ئەمریکییەکان باشترن و مامەڵەی هاوڵاتیانی ویلایەتە یەکگرتووەکان چاکتربووە.

شێخ نمر لەو باوەڕەدا بوو، کە هەوڵەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە بەراورد لەگەڵ هێزە داگیرکەرییەکانی پێشووی ناوچەکەدا، نیازێکی باشتری لە پشتەوەیە، پرۆسەی ئازادکردنی عیراقیش لەلایەن ئەمریکاوە بە هەڵەیەکی گەورە ناودەبات.

شێخ نمر باقر ئەل-نمر کێیە؟
یەکێکە لە کەسایەتییە ئاینییە بەناوبانگ و گەورەکانی شیعە لە سعودیەدا.

لە دایکبوون
نمر باقر ئەلنمر، لە ساڵی 1959، لە عەوامیەی رۆژهەڵاتی سعودیە لە دایکبووە.

خوێندن
قۆناغەکانی خوێندنی لە عەوامییە تەواوکردووە و پاشان رووی کردووەتە ئێران، بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ لەو وڵاتەدا ماوەتەوە و پاشان رۆشتووەتە سوریا.

ئاڕاستەی سیاسی
نمر بە لێدوانە توندەکانی دژی دەسەڵاتدارانی سعودیە ناوبانگی دەرکرد، لە 16 ی حوزەیرانی 2012دا پشێوییەکی گەورەی نایەوە، دوای ئەوەی خۆشحاڵیی خۆی بە کۆچی دوایی شازادە نایف عەبدولعەزیزی وەزیری پێشووی ناوخۆی سعودیە دەربڕی.

ئەزموونی سیاسی
چەندین جار رووبەڕووی گرتن ئازاردان بووەتەوە، راستەوخۆ دوای چوونە ناو خاکی سعودیەوە لە بەحرەینەوە، لە ئاداری 2006 دا بۆ ماوەیەکی کەم زیندانی کرا.

لە 23ی ئابی 2008دا، لەسەر رەخنەگرتن دژی دەسەڵاتدارانی سعودیە دەستگیرکرا.

لە تەموزی 2012 دا سەرلەنوێ و لەسەر هەمان پرس دەستگیرکرایەوە.

پێش دەستگیرکردنی، چەند جارێک لە مزگەوتەکەی خۆی لە عەوامییە وتوویەتی : " من دڵنیام لەوەی، کە کوژران و زیندانیکردم دەبنە هۆی دروستبوونی جوڵەیەکی گەورە".


Top