سعودیە باڵیۆزی ئێرانی لە ریاز دەركرد

 سعودیە باڵیۆزی ئێرانی لە ریاز دەركرد

بەهۆی لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی شیعە لە سعودیە گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە دروستبوو، حکومەتی سعودیە 24 کاژێر مۆڵەت دەداتە باڵیۆزی ئێران بۆ جێهێشتنی سعودیە.

شەوی رابردوو بەهۆی لەسێدارەدانی شێخ نەمر باقر ئەلنەمر، شێخێکی دیاری شیعە مەزهەبی سعودی، لەگەڵ 46 کەسی دیکە بەتۆمەتی تیرۆر لەلایەن سعودییەوە خەڵی لە ئێران هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و سووتاندیان، لە بەرامبەردا سعودیە 24 کاژێری دایە باڵیۆزی ئێران بۆ بەجێهێشتنی سعودیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە سعودیە بەهۆی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ئەو 47 کەسە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە رەخنەیەکی زۆری لێگیراوە، بەتایبەت کە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکان پێیانوایە لەسێدارەدانی شێخ نەمر ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکییە مەزهەبییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەکات و، داوایان کردووە لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرن.

ناکۆکی نێوان سعودیە و ئێران وەکو دوو وڵاتی گەورەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە سعودیە سوننە مەزهەب و ئێران وڵاتێکی شیعەیە، ساڵ بەساڵ خراپتر دەبێت و هەردوو وڵات بەهۆی مەزهەبی جیاوازەوە بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە.

ناکۆکییەکانی نێوان سعودیە و ئێران جگە لە وڵاتانی خۆیان لە وڵاتانی دیکەش رەنگدانەوەی هەیە، لەکاتێکدا ئێران بە ئاشکرا پشتگیری چەکدارە حوسییەکان (شیعە مەزهەبەکان) دەکات لە یەمەن و چەکیان بۆ دەنێرێت، سعودیە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات لە دژی چەکدارانی حوسی و بەردەوام هێرشی ئاسمانیان دەکاتە سەر لە یەمەن.

لە سووریاش بەهەمان شێوە ئێران و سعودیە شەڕیانە، ئێران پاڵپشتی مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەکات لە دەسەڵات و، سعودیەش دژی مانەوەی بەشار ئەسەدە.
















رووداو


Top