وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداریی دانیشتنی ڤییەنا دەكات

وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداریی دانیشتنی ڤییەنا دەكات
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە، ئاشكرای كرد بەپێی داوەتنامەیەك كە بۆ ئێران نێردراوە، “محەمەدجەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنی ڤییەنا كە بۆ تاوتوێ‌ باررودۆخی سووریە رێكخراوە، بەشداری دەكات.

“مەرزیە ئەفخەم” گوتەبێژی وەزراەتی دەرەوەی ئێران لە پێگەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشكرای كردووە كە كۆبوونەوەی ڤییەنا ئەمڕۆ پێنجشەممە 29 ـ10 ـ 2015 دەست پێدەكات، بەڵام رۆژی هەینی تەرخان كراوە بۆ باس و گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی وڵاتی سووریا و ئێرانیش بە هەیئەتێكی دیپلۆماتیكەوە بەشداری دەكات.

مەرزیە ئەفخەم ئەوەشی ئاشكرا كردووە ئەگەری زۆرە لە پەراوێزی ئەو دانیشتنەدا ئێران و ئەمەركا لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوكی (بەرجام) پێكەوە دیدار و چاوپێكەوتن بكەن.

دوێنێ‌ لێپرسراوانی ئەمریكی بە هەواڵدەرییە جیهانییەكان راگەیاند كە ئێران بە فەرمی بۆ دیداری ڤییەنا بانگهێشت كراوە.
ئەمە یەكەم جارە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بۆ دیدار و گفتۆگۆ نێودەوڵەتییەكان لەبارەی چارەسەریی پرسی ناوخۆیی سووریا بانگهێشت دەكرێت.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرووەی ئێران و هاوتا رووسیەكەی (سێرگئی لاورۆف) بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەبارەی رەوشی سووریا و چۆنیەتیی بەشداری لە دانیشتنی ڤییەنا پێكەوە گفتۆگۆیان كردووە.














باسنیوز
Top