دەزگای هەواڵگری فەرەنسا: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییهات

دەزگای هەواڵگری فەرەنسا: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییهات
بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری فەرەنسا رایگەیاند، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییهاتووە و وڵاتانی سوریا و عیراق، بەهیچ جۆرێک ناگەڕێنەوە دۆخی پێشوویان.

برنار باجولت، بەڕێوه‌بەری دەزگای هەواڵگری (بەڕێوبەرایەتیی گشتی ئاسایشی دەرەوەی فەرەنسا DGES) لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە هەواڵگری لە واشنتۆن، وتی: "ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی دەمانناسی کۆتاییهات و پێموانییە بگەڕێتەوە".

وتیشی: "لە داهاتوودا هەرگیز وڵاتانی عیراق و سوریا، سنوورەکانی پێشوویان وەرناگرنەوە".

باجولت، لەبارەی سنووری داهاتووی سوریاوە وتی: "لە ئێستادا سوریا دەبینین، کە دابەشبووە و حکومەت لە بەشێکی کەمی ئەو وڵاتە زیاتری بەدەستەوە نییە و هاوتایە لەگەڵ سێ یەکی ئەو سنوورەی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا دیاریکرا، کوردەکانی ئەو وڵاتەش بەشی باکووری سوریایان کۆنترۆڵ کردووە و لە ناوەندی وڵاتیشدا، رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەیە".

وتیشی: "هەمان شت بۆ عیراقیش راستە و پێموانییە بارودۆخەکە بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی".

ناوبراو لەبارەی سەقامگیریی ناوچەکەوە وتی: "لە داهاتوودا دووبارە ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام جیاواز لەو شێوازەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم هاتە کایەوە".

لە کۆنگرەکەدا، جۆن برینان، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا سی ئەی ئامادەبوو.





خەندان
Top