تەرمی 29 كۆچبەر لە كەناراوەكانی لیبیا دەدۆزرێنەوە

 تەرمی 29 كۆچبەر لە كەناراوەكانی لیبیا دەدۆزرێنەوە
رێكخراوی مانگی سووری لیبی دۆزینەوەی تەرمی 29 كۆچبەری لە كەناراوەكانی لیبیادا راگەیاند، كە پێدەچێت تەرمی كۆچبەری نائاسایی بن و لە ئاوی دەریای ناوەڕاستدا خنكابن.

محەممەد ئەلمەسراتی، گوتەبێژی مانگی سووری لیبیا رایگەیاند " تەرمەكان لە كەناری زلیتن كە دەكەوێتە دووری 160 كیلۆمەتر لە تەرابلوسی پایتەخت دۆزراونەتەوە".

مەسراتی هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە " سەرەتا خەڵكی ناوچەكە 25 تەرمیان دۆزیبووەوە، دواتر چوار تەرمەكەی دیكە".

زۆرجار كۆچبەرە نایاساییەكان هەوڵدەدەن لە رێگای لیبیاوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، بەهۆی ئەوەی لیبیا لە كەناراوەكانی ئەوروپاوە نزیكە، ئەو كۆچبەرە نایاساییانە هەلی نائاساییبوونی دۆخی ئەمنیی لیبیایان قۆستووەتەوە بۆ كۆچكردن لەرێگەی ئەو وڵاتەوە.

هەرچەندە گوتەبێژەكەی مانگی سوور راینەگەیاندووە، ئەو كۆچبەرانە خەڵكی كوێن، بەڵام بەپێی هەواڵی ئاژانسە لیبییەكان ئەو كۆچبەرە خنكاوانە ئەفریقین.

رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ رایگەیاندووە " زیاتر لە 600 هەزار كۆجبەر لە مانگی كانوونی دووەمەوە خۆیان گەیاندووەتە كەناراوەكانی ئەوروپا و، زیاتر لە 3 هەزاریشیان لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە".









رووداو
Top