ئێران : زانایانی وڵاتەکەمان توانیویانە بڕێکی زۆر لە مادەی (یۆرانیۆم) بدۆزنەوە

ئێران :  زانایانی وڵاتەکەمان توانیویانە بڕێکی زۆر لە مادەی (یۆرانیۆم) بدۆزنەوە
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بەرپرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کە زانایانی وڵاتەکەی توانیویانە بڕێکی زۆر لە مادەی (یۆرانیۆم) بدۆزنەوە و لە زووترین کاتدا دەستدەکەن بە دەرهێنانی.

عەلی ئەکبەر ساڵحی، بەرپرسی پرۆگرامە ناوەکییەکەی ئێران، دوێنێ شەممە، هەواڵی دۆزینەوەی بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی لەناو خاکی وڵاتەکەیدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە ئەم بڕە بەسە تاکو ئێران لە مەترسیی نەمانی بنەڕەتیترین ماددەی پێویست لە بەدەستهێنانی وزەی ناوەکیدا بێخەم بکات.

لێدوانەکەی ساڵحی، گومان دەخاتە سەر ئەو زانیارییانەی، کە لە رابردوودا هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێرانەوە ئاشکرایانکردبوو و دەوترا "ئه‌و وڵاتەکە خاوەنی بڕێکی کەمی یۆرانیۆم-ە و درەنگ یان زوو پێویستی بە هاوردەکردنی ئەو ماددەیە دەبێت".


ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێت: "ناتوانم بڕی ئەو یۆرانیۆمەی لە کانەکانی ئێراندا هەیە ئاشکرابکەم، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەنجامی دوایین پشکنینەکان هیوابەخشن".

تاکو ئێستا، تیمەکانی پشکنین، ٪63ی خاکی وڵاتەکەیان بۆ ماددە سەرەتاییەکانی تایبەت بە پرۆگرامە ناوەکییەکەی ئێرانیان پشکنیوە و چاوەڕواندەکرێت لە چوارساڵی داهاتوودا پرۆسەکە کۆتایی بێت.

ئاژانسی ناوبراو رایگەیاند، کە بەم نزیکانە دەستدەکرێت بە پرۆسەی دەرهێنان لە هەردوو شارەکانی یەزد و ئەردەکان.











خەندان
Top