کۆریای باکوور.. رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بێسودە
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هاوشێوەی ئێران گرنگی بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی 5+1 دا نادات و رێککەوتنی لەوشێوەیە بێ سودە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەکراوە بەوەی کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور (بەربەستێکی پێویستە) دژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو وڵاتەدا و رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئێستادا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە.
کۆریای باکوور لە ماوەی رابردوودا هاوشێوەی ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە رووبەڕووی چەندین سزای نێودەوڵەتی بووەتەوە، کە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەریدا سەپێندراون.
لە ساڵی 2008 دا کۆریای باکوور لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، کۆریای باشوور، چین، یابان و روسیا کشایەوە و ئامادە نەبوو دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبگرێت، لەوکاتەوە وڵاتە زلهێزەکان لە هەوڵی ناچارکردنی ئەو وڵاتەدان تا بیگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام تاکو ئێستا هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.