ئەردوغان: ئەگەر دارتان دەوێ دار لە بەردەستم زۆرە و لە توركیا كێشەی دارمان نییە

ئەردوغان: ئەگەر دارتان دەوێ دار لە بەردەستم زۆرە و لە توركیا كێشەی دارمان نییە
2 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئەستەنبۆڵ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان رایگەیاند كە ئەگەر خەمی ئەو خۆپیشاندەرانە خەمی دارە، با خەمیان نەبێت چونكە دارمان زۆرە و لە توركیا هیچ كێشەیەكمان نییە كە ناوی كێشەی دار بێت.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەر تورك بڵاویكرۆتەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجب تەییب ئەردوغان رۆژی شەممە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی گەزی پاركی گەڕەكی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ رەخنەی توندی ئاراستەی هەر سێ پارتی ئوپوزسیونی توركیا كردووە و گوتوویەتی: ئۆپوزسیونی توركیا كە ناتوانێت لە رووی سیاسییەوە هیچ جۆرە هەنگاوێك بنێت دەیەوێت بە نانەوەی ئاژاوە هەبوونی خۆی بسەلمێنێت و خۆپیشاندانی ئەوان بۆ پاراستنی دار و سەوزایەتی نییە، بەڵكو بۆ سەلماندنی هەبوونی خۆیانە.

سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر دەڵێن لە توركیا دار نییە و ئێمە خەمی بێداری دەخۆین، با بێن من داریان پێ دەدەم و لە توركیا دارمان زۆرە.

ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا جەهەپە و مەهەپەی لە بەرانبەر ئەم نائارامییانەدا بە بەرپرسیار زانیوە و هەر دوو پارتی ناوبراوی ئاگادار كردووەتەوە كە ئەگەر واز لە نانەوەی ئاژاوە و هاندانی خەڵك نەهێنن ئەوا لە بەرانبەر روودانی هەرجۆرە رووداوێكدا خۆیان بەرپرسیار دەبن.
Top