ئەمەریكا بە نیازە مووشەكى پاتریۆت بە پاتى 4.2 ملیار دۆلار بفرۆشێتە كوێت

ئەمەریكا بە نیازە مووشەكى پاتریۆت بە پاتى 4.2 ملیار دۆلار بفرۆشێتە كوێت
وەزارەتى بەرگریی ئەمەریكا (پنتاگۆن) هیواى خواست گرێبەستى كڕینى مووشەكى پاتریۆت بۆ كوێت بە پاتى 4.2 ملیار دۆلار بە كۆتا بێ كە پێك هاتووە لە 60 مووشەكى پاتریۆت لە جۆری \"پاك-3\"" بۆ بەهێزكردنى سیستمى بەگری لە دژى ئێران.
ئاژانسى هاوئاهەنگیی بەرگری و تەناهی لە پنتاگۆن كە بەرپرسە لە فرۆشتنى چەكى ئەمەریكایی بۆ دەرەوە، حەوتووى رابردوو كۆنگرێسى ئەمەریكاى ئاگەردار كردەوە لە شیمانەى فرۆشنى ئەم مووشەكانە بە كوێت.

كۆنگرێسى ئەمەریكاش ماوەى 30 رۆژى لەبەر دەستە بۆ پێشكێشكردنى هەر رەخنە و تێبینییەك لە گرێبەستەكە، ئەگەر هیچ رەخنەیەك پێشكێش نەكرا، ئەوا وەزارەتى بەگری بۆى هەیە گرێبەستەكە ئیمزا بكا.

وەزارەتى بەرگریی ئەمەریكا راى گەیاند، بەپێی گرێبەستەكە، ئەمەریكا 60 مووشەكى پێشكەوتووى لە جۆری نەوەى نوێی \""پاك-3\""، 20 مووشەكى بچووك، 4 رادار، بنكەى چاودێری و مەشقى راهێنان لەسەر ئامێرەكان و جگە لە پارچەى یەدەگ پێشكێشى كوێت دەكا.

ئاماژەى بەوەش كرد، كوێت دەیەوێ لە رێگەى ئەم گرێبەستەوە سیستەمى بەرگریی دژە مووشەكی بەهێز بكا و بتوانێ وەڵامدانەى هەر هەڕەشەیەكى ناوچەیی بداتەوە، مۆنتیكارلۆ گواستیەوە.

لە سەرەتاى نیسان/ئەپریلی رابردوو لە میانى كۆنگرەیەك لە نێوان ئەمەریكا و شەش وڵاتەكەى كۆوەندى عەرەبی (سعوودیە، كوێت، ئیمارات، عومان، بەحرێن، قەتەر)، هیلاری كلینتۆن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا هیواى خواست هەردوو لا لە بواری بەرگری و دانانى سیستەمى قەڵغانى مووشەك لە دژى ئێران هاریكاری یەكتری بكەن.

بەگوێرەى نووسنگەى تۆێژینەوەى كۆنگرێسى ئەمەریكا، وڵاتانى كۆوەندى عەرەبی باشترین كڕیاری چەكى ئەمەریكایین لە دنیا، كوێت ئێستە مووشەكى پاتریۆتى ئەمەریكایی هەیە، ساڵى 1992 لە دواى شەڕى عێراق و كوێت، نێزیكەى 210 مووشەكى پاتریۆتى لە نەوەى كۆن، 25 مووشەكى بچووكى كڕی و هەروەها لە كۆتاى ساڵى 2007 نێزیكەى 140 مووشەكى تری كڕی.















ئاكانیوز"
Top