وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا: هەوڵ دەدرێ چارەنووسى ئەسەد لە هاوشێوەى قەزافى دوور بخرێتەوە

وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا: هەوڵ دەدرێ چارەنووسى ئەسەد لە هاوشێوەى قەزافى دوور بخرێتەوە
جۆلیۆ تیرسی وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا راى گەیاند، هەوڵ دەدرێ چارەنووسى بەشار ئەسەد سەرۆكى رێژیمى سووریا لە هاوشێوەى موعەمەر قەزافى سەرۆكى پێشووى لیبیا دوور بخرێتەوە.

تیرسى دواى كۆبوونەوەى نێوان وەزارەتى دەرەوە و ئەنجوومەنى پیرانى ئیتاڵیا بۆ تاوتوێكردنى پرسی سووریا لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى دوێنێ چوارشەم گوتى، هەوڵێك لە ئارادایە بۆ لادانى ئەسەد لە پۆستەكەى، بێ ئەوەى رووبەڕووى هەمان چارەنووسى قەزافى بێتەوە.

وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا ئاماژەى بە دوایین بڕیاری كۆوەندى عەرەبی كرد كە یەكشەمى رابردوو لە دەوحەى پایەتەختى قەتەر كۆبوونەوەیەكى بەپەلەى گرێ دا و تێیدا بۆ یەكەمجار داواى لە بەشار كرد واز لە پۆستى سەرۆكایەتی بێنێ لە بەرامبەردا ژیانى خۆی و ماڵباتەكەى پارێزراو دەبێ.

وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا بە دووری زانى لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەسەد بچنە سەر مێزى گفتوگۆ و كێشەكان یەكلایی بكەنەوە، ئاژانسى هەواڵى \"ئاكی\""ی ئیتاڵیایی بڵاوى كردەوە.

تێرسى گوتى، ئیتاڵیا پاڵپشتی لە پلانى ئاشتی لە سووریا دەكا و پێویستە لە ماوەى 30 رۆژى داهاتوودا توندوتیژى بە كۆتا بێ بە پێی ئەو پلانەى كە بۆ چاودێرانى ناودەوڵەتى هاتووەتە درێژكردنەوە، ئیتاڵیا 5 ئەندامى لە لێژنەى چاودێرانى ناودەوڵەتى هەیە بۆ سووریا.

وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا بێ ئومێدى خۆى بەرامبەر جێبەجێكردنى پلانەكەى كۆفى ئەنان راگەیاند و گوتى، جێگەى داخە تا ئێستە پلانەكە نەبووەتە هۆى وەستانى توندوتیژییەكان لە سووریا.

سێشەمى رابردوو هیلاری كلینتۆن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا راى گەیاند، تا ئێستەش ئەسد كاتى لەبەر دەست ماوە پلانەكەى كۆفى ئەنان دەست پێ بكا بۆ كۆتاهاتنى سووریا لەو تەنگژەى تێی كەوتووە.















ئاكانیوز"
Top