بەریتانیا بەدووری نابینێ وڵاتێكی تر چەك بەئۆپۆزسیۆنى سووریا بدا

بەریتانیا بەدووری نابینێ وڵاتێكی تر چەك بەئۆپۆزسیۆنى سووریا بدا
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەى بەریتانیا راى گەیاند، وڵاتەكەى كار بۆ گۆشەگیركردنى رێژیمی بەشار ئەسەد دەكا و بەدووری نەبینی كە وڵاتێكی تر بەرامبەر هەڵوێستی سێ جارەى چین و رووسیا چەك بەئۆپۆزسیۆنی سووریا بدا.
ولیام هیگ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆى 4ى دەستەى رادیۆى بەریتانیایی گوتى، ئێمە كۆمەكی كوشتەنی ئۆپۆزسیۆنى سووریا ناكەین، بەڵام هیچ گومانێك نییە كە وڵاتانى تر لەو دۆخەى ئێستەدا كۆمەكی كوشتەنییان دەكا، ئێمە تەنیا هەوڵە مرۆییەكانمان زیاد كردووە.

پتر گوتى، هەوڵی زیاتر لە دەرەوەى ئەنجوومەنى ئاسایش دەدەین و كارەكانمان بۆ پشتیوانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا و پێشكێشكردنى یارمەتییە مرۆییەكان چڕ دەكەینەوە.

هیگ گوتى، سیاسەتی ئێمە برێتییە لە رەوانەنەكردنى هیچ یارمەتییەك كە برەو بەكوشتن بدا وەك چەك لە رۆهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەوەشدا لەوباوەڕەداین كە وڵاتانى تر چەك بەئۆپۆزسیۆن دەدەن.

وەزیری دەرەوەى بەریتانیا گوتى، ئێمە لەگەڵ 100 وڵات لە كۆمەڵە دۆستانى سووریا بۆ پاڵەپەستۆكردنە سەر رێژیمی ئەسەد كار دەكەین بۆ گۆشەگیركردنى بەشار ئەسەد لە وڵاتانى دنیا وهەوڵ دەدەین وڵاتانى عەرەبیش رازى بكەین كە هەمان هەڵوێستیان هەبێ.













ئاكانیوز
Top