ئۆباما و پوتین لە كۆبووونەوەى لوتكەى 20 تاوتوێی كێشەكانى نێوانیان لەبارەى سووریا دەكەن

ئۆباما و پوتین لە كۆبووونەوەى لوتكەى 20 تاوتوێی كێشەكانى نێوانیان لەبارەى سووریا دەكەن
وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا راى گەیاند، باراك ئۆباما سەرۆكى ئەمەریكا و هاوشانە رووسیاییەكەى ڤلادیمێر پوتین لە میانى كۆبوونەوەكانى لوتكەى 20دا كە دووشەمى داهاتوو لە مەكسیك ساز دەكرێ، لەبارەى هەڵوێستیان لەسەر سووریا تاوتوێی كێشەكان نێوانیان دەكەن.

ڤیكتۆریا نۆلاند گۆتیاری وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا دوێنێ هەینى بۆ رۆژنامەوانان گوتى، تا ئێستە رووسیا و ئەمەریكا كێشەیان هەیە لەبارەى سووریا، بۆیە كۆبوونەوەى لوتكەى 20 هەلێكى باشە بۆ هەردوو سەرۆك بۆ بینینى یەكتری و تاوتوێكردنى كێشەكان.

پێشتر رووسیا رەتی دەكاتەوە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانى رۆئاوادا بكا لەبارەى دوورخستنەوەى بەشار ئەسەد سەرۆكى سووریا لە پۆستەكەى، جەختیشى كرد كە دەبێ ئێران بەشداری بێ لە كۆنگرەى ناودەوڵەتى لەبارەى سووریا كە لە ژنێڤ ساز دەكرێ.

گۆتیارەكەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا پێنجشەمەى رابردوو راى گەیاند، كێشەكانى نێوان رووسیا و ئەمەریكا لەبارەى سووریا تا ئێستە بەردەوامە و بەڵام هەردوولا لەسەر ستراتیجیی گواستنەوەى دەسەڵات دواى رۆیشتنى ئەسەد رێك كەوتوون، مۆنیتكارلۆ گواستیەوە.

نۆلاند گوتى، ئێمە باس لە ئاراستەكردنى دنیا دەكەین بۆ دیموكراتی و خوازیارین سووریاش بەو ئاراستەیە گەشە بكا و روونیشى كردەوە، ئەمەش یەكێك لەو بناما گشتییانەى كە دواى رۆیشتنى بەشار ئەسەد راشكاوانە گفتوگۆى لەسەر دەكرێ.

لەبارەی گفتوگۆكان لەگەڵ رووسیا نۆلاند گوتى، هەردوولا لەسەر هەموو بابەتێك ڕاشكاوانە گفتوگۆ دەكەن، بەتایبەت تەنگژەى سووریا و هەروەها چۆنیەتی جێبەجێكردنى پلانى كۆفی ئەنان بۆ رزگاركردنى سووریا لەو تەنگژەى كە تێی كەوتووە.
Top